ئێران شەپۆلێكی دیكەی فراوانی هێرشەكانی ڕاگەیاند.. شوێنی كۆبونەوەی بەرپرسانی ئەمریكاو ئیسرائیلیان دیاریكرد

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 433 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایدەگەیەنێت، لەمشەوەوە لە 87ـەمین شەپۆلی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راست 4 دان و دەشڵێت، شوێنی کۆبونەوەی ئەمریکی ئیسرائیلییەکانیان کردوەتە ئامانج.


پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، "هێزی دەریایی سوپای پاسداران چوار ئۆپەراسیۆنی بروسک ئاسایان دژی ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە ئەنجامداوە، تێیدا ناوەندێکی فەرماندەیی ئەمریکا لەئیمارات و شوێنی کۆبونەوەی فەرماندەکانی کەشتیگەلی پێنجەمی دەریایی ئەمریکایان لە بەحرێن کردوەتە ئامانج".
 
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، هێزەکانی سوپای پاسداران لەئۆپەراسیۆنێکی تێکەڵاودا، ناوەندێکی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئەمریکایان لەدەرەوەی بنکەی "مەنهاد" لەیەکێک لەشارەکانی ئیمارات بەموشەک پێکاوە. سوپای پاسداران دەشڵێت، "لەکاتی هێرشەکەدا زیاتر لە 200 فەرماندە و ئەفسەری ئەمریکی لەو ناوەندەدا بون".
 
سوپای پاسداران ڕایگەیاندوە، "بەدرۆن هێرشیان کردوەتە سەر شوێنێکی مانەوەی نهێنیی فەرماندەکانی کەشتیگەلی پێنجمی دەریایی ئەمریکا لەبەحرێن". 
لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، هێرشەکە لەکاتی کۆبونەوەی فەرماندەکاندا بوەو ترافیکی زۆری ئەمبوڵانسەکان لەشوێنی ڕوداوەکە، نیشانەی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکەیە.
 
هێزی دەریایی سوپای پاسداران باسی لەدوو هێرشی دیکەش کردوە، پێکانی ڕادارێکی هۆشداریدانی ئاسمانیی ئەمریکا کە بۆ رێنوێنیکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16 بەکاردێت و لەکەناراوەکانی ناوچەی "دزەهران" لەسعودیە جێگیر کرابوو. هەروەها پێکانی کەشتییەکی بارهەڵگری کۆنتێنەر، کە خاوەندارێتییەکەی بۆ ئیسرائیل دەگەڕێتەوە و بە ناوی بازرگانی و بە ئاڵای وڵاتێکی دیکەوە هاتووچۆی کردووە.
 
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشکرد، دەستکەوتەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنانە پێشکێش بە عەلی رەزا تەنگسیری، فەرماندەی کوژراوی هێزی دەریایی سوپای پاسداران دەکەن و جەختیان کردوەتەوە بەهێزەوە لەسەر رێبازەکەی ئەو بەردەوام دەبن.
 
جەختیش دەكەنەوە، لەمشەوە هێرشەكانیان بۆ سەر بارەگای كۆبونەوەكان چڕتردەكەنەوە.