وەیسەو حەکۆ بناسن

بیروڕا

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 36 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ماوەیەک لەمەوبەر (حەکۆی) ی ناسیاوم تەلەفۆنی بۆ کردم‌و پێی گوتم، حەزم لێیە ڕۆمانێک بنووسم و بەچاپی بگەیەنم، بەس مەپرسە چۆن، بەشێکت لۆ دەنێرم، ئەتوو خوێنەرێکی چاکی، بزانە کووە؟ منیش ئەو قسەیەم زۆر بە لاوە سەیربوو، لەبەرخۆمەوە گوتم ئاخر حەکۆ لەبەر تەمبەڵی نەیتوانی قۆناغی سەرەتایی خوێندن تەواو بکات،  لەپۆلی چاری سەرەتایی وازی لە قوتابخانە هێنا، ئێستا چۆن توانیویەتی ڕۆمان بنووسێت؟.

ئاخر ڕۆمان قەڵەمی بە بڕشت و هزری پاراو و بیر و ڕامانی قووڵ و شارەزایی زۆر بەرفراوانی لە زمان دەوێت، باشە  چۆن توانیویەتی ئەوە بکات؟ هەر لەو ڕۆژانە (خدر کەوکوژ) تەلەفۆنی بۆ کردم و پێی گوتم: شیعرێکی دوورودرێژم بەناوونیشانی (قاسپەی کەو)  نووسیوە، بەس هەقت لە هیچ نەبێ بەس بیخوێنەوە بزانە کووە.

لەو ڕۆژانە بۆت دەنێرم. منیش بە خۆمم گوت باشە ئاخر بۆ خاتری خوا خلە تاکو ئێستاش بە پرتەقاڵ دەڵێت فرتەقاڵ، بە مەکتەب دەڵێ مەتکەب، بە قوشتەپە دەڵێت قوشپەتە، هەروەها چەندان ساڵە دەیناسم، ئەو پیاوە هیچ سەروکارێکی لەگەڵ شیعر نەبووە، جگەلەوەش شیعر  پێویستی بە شارەزاییەکی فراوان هەیە، لە بوارەکانی ستاتیکا و زمان و چڕکردنەوەی بیر و ڕامانی وردی گەرەگە، ئێستا بەو تەمەنی شەست ساڵییەوە چۆنچۆنی توانیویەتی  قەسیدەیەک بنوسێت؟.

هەر لەو ڕۆژانە لە یەکێک لەو گۆڤارانەی لە کوردستان بە بەرگێکی جوان و ناوەڕۆکێکی بەتاڵ بڵاو دەبنەوە، وتارێکی دوورودرێژی تێدابوو بەناوونیشانی (پاراستنی ژینگە ئەرکێکی ئینسانیە) لە نووسینی (وەیسەی ڕاوچی)، دیسان بە خۆم گوت، باشە وەیسە چۆلەکە و کۆتر و قاز و قورینگ و مامزی لەو شاخ و کێوانە نەهێشت و هەموویانی ڕاو کرد؟ کەچی وتار لەسەر گرنگی ژینگە دەنوسێت؟.

دوای ئەوەش وەیسە نەک خوێندن و نووسین نازانێت، بەڵکوو هەر پەنجەمۆر دەکات لە باتی ئیمزا، ئێستاکە چۆن بووەتە وتارنووس؟ من لە فکران ڕۆچووبووم و سەرم لەوانە سوڕمابوو، کەوا چۆن بوونەتە نووسەر، لەپڕ ناسکەی هاوسەرم کەوا دەموژەمی بۆ نیە و بەردەوام چاوی لەسەر سناپ و ئنستایە و ئیخباری بەحروبەڕی لەکنە، وەکی من نیە بەتەمای فەیسبووک بی و لەعەربەی دنکەکی تێنەگا، پێی گوتم پیاوەکە گوێ بگرە شیعرێکم لەسەرتۆ نووسیوە، کە خوێندیەوە جگە لەوەی پڕبوو لە خەیاڵ و شیعریەت، بە جۆرێک بە باڵای منی هەڵگوتبوو، لە خۆشیان خەریک بوو باڵ بگرم. بەو جۆشوخرۆشەوە بەڵێنی ئەنگوستیلەیەکی زێڕم پێدا و ئەویش تاخیری نەکرد و هەرڕۆژی دواتر زێڕەکەی پێ کڕیم.

منیش دوای ئەوە ئەو باسەم بۆ  (هێرش مەغدید)ی مامۆستا و هونەرمەندی شێوەکار گێڕایەوە و ئەویش بە وردی تێی گەیاندم، مەسەلەکە هەمووی (ئەی ئایە)، منیش گوتم: مامۆستا کەواتە ئەو (ئەی ئای)ە کارەساتە؟ گوتی: نا دەستکەوتێکی زانستی نوێیە، بەڵام خراپ بەکارهێنانی کارەساتە، بەڵێ ئەی ئای حەکۆی بەس بەناوکرد بەڕۆماننوس، وەیسەی کردە ژینگەپارێز، بەڵام هەرچی بکات‌و بکۆشێت ناتوانێت بەکرۆکەی دڕکی نێوان مەم‌و زین وڵاتفرۆشێک لەیادەوەری مندا جوان بکات.