ئه‌مڕۆ بەغدا دەبێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی جەنگە ساردەکەی پارتی‌و یەکێتیی

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1431 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا کێڵگەی سیاسیی شیعە بەهۆی ململانێی سەرۆک وەزیرانەوە دەکوڵێت، ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ تروسکەی ئەو ئاگرە بگاته‌ ناوماڵی کوردو درزێکی مێژویی لەیەکڕیزیی نەتەوەیی دروستلكات؛ ئەمڕۆ بەغدا تەنها هۆڵێك نابێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بەڵکو ڕه‌نگه‌ ببێته‌ گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی جەنگە ساردەکەی نێوان پارتی‌و یەکێتیی، کە تێیدا بایکۆت‌و فشارە سیاسییەکان خەریکە دوایین پردەکانی تەوافوق دەڕوخێنن‌و هەرێمی کوردستان دەخەنە بەردەم دوڕیانێکی مەترسیدار.


لەکاتێکدا چاوەکان لەسەر هۆڵی په‌رله‌مانى عێراقن بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار، ئاسۆکانی چارەسەر بەهۆی قوڵیی ململانێ نێوخۆییەکانەوە تەمومژاوی دەردەکەون، عێراق لەنێوان شکستی تەوافوقی لایەنەکان‌و پاشه‌كشه‌ سیاسییەکاندا، ڕوبەڕوی قۆناغێکی هەستیار بوەتەوە کە تێیدا پۆستە باڵاکان بونەتە بارمتەی ئەجێندا جیاوازەکان.

ماڵی شیعە؛ دابەشبونێکی قووڵ
لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی کۆبونەوەکان، هێشتا ماڵی شیعە نەگەیشتوەتە ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر کاندیدی سەرۆک وەزیران، ململانێی نێوان جەمسەرە جیاوازەکانی شیعە تەنها لەسەر ناوێک نییە، بەڵکو لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵات‌و دابەشکردنی نفوزە، ئەم یەکلانەبونەوەیە بوەتە هۆی پەککەوتنی تەواوی پرۆسەی سیاسیی، چونکە بەبێ دیاریکردنی سەرۆک وەزیران، پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو لەبنبەستدا دەمێنێتەوە.

گوشارەکان بۆسەر پشکی کورد
هاوکات لەگەڵ کێشەکانی شیعە، جۆرێک لەگوشاری سیاسیی چڕ ئاراستەی لایەنە کوردییەکان کراوە بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار. ئەم پۆستە کە به‌گوێره‌ى نەریتی سیاسیی پشکی کوردە (یه‌كێتیى)، ئێستا کەوتوەتە ناو جەرگەی ململانێی هێزە عێراقییەکان، هەندێک لەلایەنەکان هەوڵدەدەن شکستی خۆیان لەڕێککەوتن، بەدروستکردنی فشار لەسەر کوردو تێپەڕاندنی کاندیدێک بەبێ کۆدەنگی نێوخۆیی هەرێم پەردەپۆشبکەن.

بایکۆت‌و ئەگەرە کراوەکان
بایکۆتکردنی دانیشتنەکە لەلایەن هەندێک فراکسیۆنی کاریگەرەوە، نیشانەی ئەوەیە کە زمانی (زۆرینەو کەمینە) هێشتا نەیتوانیوە جێگەی "تەوافوق" بگرێتەوە، شەقامی عێراقیش بەنیگەرانییەوە دەڕوانێتە ئەم چەقبەستوییە، چونکە دواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بەواتای پەککەوتنی ڕاسپاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران‌و بەردەوامی قەیرانە دارایی‌و ئەمنییەکان دێت.

به‌گوێره‌ى ئەو زانیارییانەی ده‌ستكه‌وتون، ئەمڕۆ کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ كۆبونه‌وه‌كه‌ى په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمارێكى نوێ دەستپێدەکات، ئه‌و لایەنە عێراقیانه‌ى بەشداریده‌كه‌ن‌و یه‌كلابونه‌ته‌وه‌ بریتین له‌(هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان، هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، سادقون، تەقەدوم‌و بابلیۆن)، لایه‌نه‌ به‌شداره‌كانى كوردیش (یەکێتیی نیشتمانی كوردستان، ڕەوتی هەڵوێست، یەکگرتوى ئیسلامى، نەوەی نوێ‌و کۆمەڵى دادگه‌ریى)، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی دانیشتنەکەی کردوە.

به‌گوێره‌ى یاسای هەڵبژاردن، ئه‌مڕۆ کاندیدى پۆستى سه‌رۆك كۆمار بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر كورسی سه‌رۆكایه‌تى دابنیشێت، پێویستی بە220 دەنگ (دوو لەسەر سێی ئەندامان) هەیە لەخولی یەکەمدا بۆ سەرکەوتن، ئەگەر هیچ کاندیدێکیش ئەو ڕێژەیەی نەهێنا، لەخولی دوەمدا ئەوکەسەی زۆرترین دەنگ بهێنێت، دەبێتە سەرۆک کۆمار.

پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا په‌رله‌مانى عێراق دەتوانێت تەڵسمی ئەم بنبەستە بشکێنێت، یان عێراق بەرەو قۆناغێکی دیكه‌ى پشێویی سیاسیی‌و دوبارەکردنەوەی سیناریۆکانی ڕابردوو هەنگاو دەنێت؟ کاتژمێرەکانی داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارە چارەنوسسازانە دەدەنەوە.