شارپرێس:
لەدوەم ڕۆژی ڕێککەوتنی ئاگربەستی کاتی نێوان واشنتۆنو تاران، گەروی هورمز لەجیاتی ئەوەی ببێتەوە بەڕێڕەوێکی ئارام، بوەتە گۆڕەپانی سەپاندنی واقیعێکی نوێی سەربازییو دارایی لەلایەن ئێرانەوە، سوپای پاسداران بەفەرمی نەخشەی ڕێڕەوە نوێیەکانی بڵاوکردەوەو هۆشداریی توند دەدات لەهەبونی مینی دەریایی لەڕێڕەوە نێودەوڵەتییە کۆنەکەدا.
کۆنترۆڵی تەواو.. لەچاودێرەوە بۆ پاسەوان
ئەو نەخشەیەی سوپای پاسداران بڵاویکردوەتەوە، ناوچەیەکی فراوان بەناوچەی مەترسیدار دەستنیشاندەکات، لەئێستادا کەشتییەکان ناچارن تەنها لەڕێگەی دوو ڕێڕەوی تەسک لەباکورو باشوری دورگەی (لارک) تێپەڕن، ئەوەش لەژێر چاودێرییو مۆڵەتی ڕاستەوخۆی هێزە دەریاییەکانی ئێراندا.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکانو کۆمپانیاکانی گواستنەوە ئاشکرایانکردوە، تاران چیتر تەنها چاودێر نییە، بەڵکو وەک خاوەن ماڵ مامەڵە دەکات، ئێران مەرجی داناوە کە هەر کەشتییەک بیەوێت تێپەڕێت، دەبێت پێشوەختە هەماهەنگی بکاتو باجی تێپەڕین بدات، کە زۆربەی جار داوادەکرێت بەدراوە دیجیتاڵییەکان (Cryptocurrency) یان یوانی چینی بێت، بۆ دەربازبون لەسزاکانی ئەمریکا.
تۆقاندنی ئابورییو سەرەی كهشتیهكان
ئەم دۆخە نوێیە بوەتە هۆی پەککەوتنی گەورە لەبازاڕی وزەی جیهانیدا، كهشتیه نەوتهەڵگرەکانی چین (کوسبرل لێک، هی ڕونگ های)و كهشتیه زەبەلاحەکانی سعودیەش (جاهم)و هندستانیش (دیش ڤیپۆر)، لەکەناراوەکانی ئیماراتو عوممان گیریانخواردوە، هەرچەندە تانکەرە چینییەکان بەهۆی پەیوەندییە سیاسییەکانەوە هەوڵی تێپەڕین دەدەن، بەڵام دڵنیاییەکی تەواو نییە.
کۆمپانیا گەورەکانی وەک (میتسوی ئۆسک)ی ژاپۆنی ڕایانگەیاندوە، تا سەقامگیرییەکی بەردەوام نەبینن، ئامادەنین کەشتییەکانیان بخەنە ناو ئەو مەترسییەوە، ئەمەش نرخی نەوتی لەبازاڕە جیهانییەکاندا بەبەرزی هێشتوەتەوە.
ئامانجە ستراتیژییەکانی تاران
چاودێران پێیانوایە ئێران جەنگی ئەمدواییەی قۆستوەتەوە بۆ ئەوەی، لەڕێگەی سەپاندنی باج بەسەر کەشتییەکاندا، داهاتێکی نوێ پەیدا بکات، گەروی هورمز بکاتە کارتێکی سیاسی هەمیشەیی لەدژی وڵاتانی ناوچەکەو ڕۆژئاوا، هاوكات نیشاندانی ئەوەی کە تاران بڕیاردەری یەکەمە لەگرنگترین خاڵی ستراتیژی وزە لەجیهاندا.
لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی ئاشتییەکی بەردەوامه، ئێران بەدیپلۆماسیی مینو ڕێڕەوە بەدیلەکان، پەیامێکی ڕونی بۆ هەمولایەک ناردو دهڵێت، گەروی هورمز چیتر وەک پێشوو ڕێڕەوێکی نێودەوڵەتیی ئازاد نییە.
