دراوسێیەکی بکوژ.. چیرۆکی ئەو پیاوەی لەڕۆژدا شارەکەی بونیاد دەناو لەشەودا دەیڕوخاند

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1417 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بۆ سێ دەیە واته‌ 30 ساڵ، مۆتەکەیەک لەکەناراوەکانی لۆنگ ئایلەند دەژیا؛ پیاوێک کە بەیانیان بەچاکەت‌و پانتۆڵێکی ڕێکەوە نەخشەی تەلاری بۆ شارەکەی دەکێشا، بەڵام شەوان نەخشەی بۆ لەناوبردنی ئەو ژنانە دادەڕشت کە کەوتبونە ناو تەڵەکەیەوە، شه‌وى ڕابردوو به‌كاتى هه‌رێمى كوردستان، (ڕێکس هۆیێرمان) چیتر تەلارسازە سەرکەوتوەکە نەبوو، بەڵکو ئەو بکوژە زنجیرەییە بوو کە لەبەردەم جیهاندا، سەری بۆ تاوانەکانی شۆڕکرد.


کۆتاییی یەکێک لەئاڵۆزترین دۆسیە تاوانکارییەکانی مێژوی ئەمریکا ڕاگەیەندرا، هۆیێرمان، ئەو پیاوەی لەپشت پەردەی ژیانێکی خێزانیی ئاسایییەوە، حەوت ژنی بەدڕه‌نده‌ترین شێوه‌ کوشتوه‌و (بەبەڵێ من کردم)، کۆتاییی بەسێ دەیە لەگومان‌و ترس هێناو دەرگای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر خۆیدا داخست.

"بەڵێ، من ئەو کارەم کرد"
ڕێکس هۆیێرمان، ئەو تەلارسازە سەرکەوتوەی مانهاتن کە ساڵانێک ژیانێکی ئاسایی‌و بێدەنگی لەگەڵ خێزانەکەی لەناوچه‌ى (ماساپیکوا پارک) بەسەر دەبرد، شه‌وى ڕابردوو لەبەردەم دادوەرو کەسوکاری قوربانییەکاندا وەستا، ئەو بەدەنگێکی نزم بەڵام ڕون، دانی بەکوشتنی حەوت ژندا نا کە تەرمەکانیان لەکەناری ناوچه‌یه‌ك به‌ناوى (گیڵگۆ) فڕێدرابون، نەک هەر ئەوە، بەڵکو دانی بەکوشتنی هەشتەمین قوربانیشدا نا (کارین ڤێرگاتا) کە ساڵانێکی زۆربوو بێسەروشوێن بوو.

تەلارساز لەڕۆژدا، بکوژ لەشەودا
ڕۆژنامه‌ى نیۆیۆرك تایمز له‌ڕاپۆرتێكدا ئاماژەى به‌وه‌كردوه‌، هۆیێرمان ڕێبەرییەک بۆ کوشتنی لەکۆمپیوتەرەکەیدا شاردبوەوە؛ لیستێکی وردی ئەو هەڵانەی کە نابێت بیکات بۆ ئەوەی دەستگیرنەکرێت، ئەو لەکاتێکدا لەگەڵ هاوژین‌و منداڵەکانی نانی ئێوارەی دەخوارد، لەنهۆمی خوارەوەی ماڵەکەیدا ژورێکی نهێنی هەبوو کە سەدان چەکی تێدا حەشاردرابوو، ژورێکی تایبەت کە دەرگایەکی گەورەی ئاسنینی هەبوو (وەک دەرگای خەزێنەی بانکەکان).

فرمێسکی خێزانەکان
لەکاتی خوێندنەوەی ناوی قوربانییەکان (مێلیسیا، میگن، ئەمبەر، مۆرین، جێسیکا، ڤالێری، ساندراو كارین)، دەنگی گریان لەهۆڵی دادگا دەبیسترا، ئەو ژنانە تەنها ناو نەبون، بەڵکو دایک، خوشک‌و کچ بون کە بۆ چەندین دەیە بکوژەکەیان بەئازادی لەنێوان خەڵکدا دەسوڕایەوە.

به‌گوێره‌ى دانپێدانانەکان‌و لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی، هۆکاری سەرەکیی تاوانەکانی (ڕێکس هۆیێرمان) بۆ چەند خاڵێکی دەرونی‌و جەستەیی قووڵ دەگەڕێتەوە کە وەک ژیانێکی نهێنی‌و تاریک لەپشتی ماسکی تەلارسازێکی سەرکەوتوەوە شاردبویەوە.

ئارەزوی دەسەڵات‌و کۆنترۆڵ
پسپۆڕانی تاوانکاریی‌و داواکاری گشتیی ئاماژەیان به‌وه‌دا، هۆیێرمان بکوژێکی جۆری (دەسەڵات-کۆنترۆڵ) بوە، ئەو چێژی لەوە بینیوە کە قوربانییەکانی (کە زۆربەیان له‌ڕوى جه‌سته‌ییه‌وه‌ لاواز بون بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیی‌و بڕیار لەسەر ژیان‌و مردنیان بدات.

مەیلی سادیستی..
لەکۆمپیوتەرەکەیدا بەڵگەیەک دۆزرایەوە کە وەک نەخشەی کار وایە، تێیدا ئاماژەی بەکاتەکانی یاری کردوە کە مەبەستی لێی ئەشکەنجەدان‌و درێژکردنەوەی ئازاری قوربانییەکان بوە بۆ ئەوەی چێژێکی سادیستیی (واته‌ چێژێکی زۆر لەئازاردانی کەسانی دیکە دەبینێت، جا ئەو ئازارە جەستەیی بێت یان دەرونی)، هەروەها پشکنینەکان دەریانخستوە کە ئالودەی سەیرکردنی ڤیدیۆی (ئەشکەنجەدان‌و پۆرنۆگرافیی توندوتیژ) بوە.

كوشتن وەک خولیا
هۆیێرمان خولیایەکی زۆری بۆ چەک‌و ڕاوکردن هەبوە (279 چەکی لەماڵەکەیدا شارابوەوە)، داواکاری گشتیی دەڵێت، ئەو وەک ڕاوچییەک سەیری مرۆڤی کردوە؛ قوربانییەکانی دیاریکردوە، بۆی ماوەتەوە، لانی کەم حەوت کچ‌و ژنی كوشتوه‌و پاشان تەرمەکانیانی لەشوێنی دورەدەست فڕێداوە.

بۆچی ئێستا دانی پێدا نا؟
پارێزەرەکەی ئاماژەی بەوەکرد، چەند هۆکارێک هەبون بۆ ئەو دانپێدانانە کتوپڕە، ئه‌وانیش هەبونی DNAی ئەو لەسەر تەرمەکان‌و دۆزینەوەی نەخشەی تاوانەکان لەناو کۆمپیوتەرەکەیدا، وایکرد کە هیچ ڕێگەیەکی ڕاکردنی نەمێنێت، نەیویستوە خێزانەکەی (هاوژین‌و منداڵەکانی) لەکاتی دادگاییکردنە توندەکەدا ڕوبەڕوی هەموو وردەکارییە قێزەونەکان ببنەوە، هەندێک سەرچاوەش دەڵێن نەیویستوە چیتر لەژوری تاکەکەسی‌و گۆشەگیریدا بمێنێتەوەو ویستویەتی کەیسەکە زوو کۆتایی بێت.

زیندانی هەتاهەتایی
به‌گوێره‌ى ڕێککەوتنی دادگا، هۆیێرمان باقی ژیانی لەپشت شیشه‌كانى زیندانەوە بەسەر دەبات‌و چیتر ڕەنگی ئازادی نابینێتەوەو تا مردن لەزیندان دەمێنێتەوە، وه‌كو ڕۆژنامه‌ ئه‌مریكیكه‌ نوسیویه‌تى، "ئەمەش کۆتاییی یەکێکە لەتاریکترین دۆسیە تاوانکارییەکانی مێژوی ئەمریکا کە سەلماندی شەیتان دەکرێت دراوسێیەکی ئاسایی بێت کە هەموو بەیانییەک سڵاوت لێدەکات".