دوای 38 ڕۆژ لەئاگرو ئاسن.. هەرێم یەکەم شەوی بێدەنگیی درۆن‌و موشه‌كه‌كانى بەڕێكرد

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2013 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای پێنج هەفتەی پڕ لەدڵەڕاوکێ‌و کێبڕکێی موشەک‌و درۆنەکان لەئاسمانی ناوچەکەدا، دواجار شەوی ڕابردوو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ژیانێکی ئاساییان تاقیکردەوە، ئەوە یەکەم شەو بوو دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەی نێوان (ئەمریکا، ئیسرائیل‌و ئێران) کە چیتر دەنگی تەقینەوەو زەنگی ئاگادارکردنەوە خەوی لەچاوی کەس نەزڕاند.


ئەو جەنگەی لە 28ی شوباتی 2026 بەهێرشی هاوبەشی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆسەر ناوجەرگەی ئێران دەستیپێکرد، تەنها ئێرانی نەکردبوە ئامانج، بەڵکو هەرێمی کوردستانیشی خستبوە ناو جەرگەی ململانێیەکی سەختەوە، هەرچەندە هەرێم لایەنێکی شەڕەکە نەبوو، بەڵام جوگرافیاکەی وایکردبوو ببێتە ڕێڕەوی موشەکەکان، ئێستا بەناوبژیوانی پاکستان، ئاگرەکە بۆ ماوەی 14 ڕۆژ خامۆشکراوە.

شەوی ڕابردوو، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕبون لەدەنگۆی بیستنی دەنگی بەرز لەسنوری پارێزگای هەولێر، ئەمەش نیشانەی ئەو ترسە قوڵەیە کە جەنگەکە لەدەرونی خەڵکدا بەجێیهێشتوە، بەڵام سەرچاوە فەرمییەکان دڵنیایی دەدەن کە هیچ هێرشێک ئەنجامنەدراوەو پایتەخت یەکێک لەئارامترین شەوەکانی لەدوای مانگی شوباتەوە بەڕێکردوە.

ئەم جەنگە 38 ڕۆژییە، نەک هەر لەڕوی سەربازییەوە، بەڵکو لەڕوی ئابوریی‌و مرۆییەوە برینێکی قووڵی لەجەستەی ناوچەکەدا دروستکردوە، چاودێران پێیانوایە، ئەم 14 ڕۆژەی ئاگربەست، تاقیکردنەوەیەکی سەختە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ناوچەکە بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام دەچێت یان تەنها بێدەنگیی پێش زریانە.

بەپەلە