گەورەترین هەڵمەتی دورخستنەوەی کارمەند له‌كه‌ناڵێكى ئاسمانیى ده‌ستپێده‌كات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3024 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دامەزراوەی پەخشی بەریتانی (BBC ـ بى بى سى) لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوییدایە، دوای ئەوەی سەرچاوە میدیاییەکانی بەریتانیا ئاشکرایانکرد، دامەزراوەکە بەنیازە نزیکەی دوو هه‌زار هەلی کار هەڵبوەشێنێتەوە، ئەم هەنگاوە کە بەگەورەترین شەپۆلی دورخستنەوەی فەرمانبەران لەماوەی 15 ساڵی ڕابردودا دادەنرێت، نیشانەی قووڵیی ئەو فشارە داراییانەیە کە ڕوبەڕوی ئەم کۆڵەکەیەی میدیای جیهانی بوەتەوە.



به‌گوێره‌ى شیکارییەکان، ئەم بڕیارە تەنها پەیوەست نییە بەکورتهێنانی بودجە، بەڵکو بەشێکە لەستراتیژییەکی گشتگیر بۆ، کەمکردنەوەی خەرجییەکان‌و ڕوبەڕوبونەوەی دابەزینی داهاتی ساڵانەو گۆڕانکاریی لەسیستەمی دارایی دامەزراوەکە، هه‌روه‌ها هه‌نگاونان به‌ره‌و سه‌كۆ دیجیتاڵیه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك گۆڕینی ئاراستەی کارکردن لەپەخشی کلاسیکییەوە بەرەو بەهێزکردنی سەکۆ ئۆنلاین‌و دیجیتاڵییەکان، بۆ ئەوەی لەگەڵ شێوازی نوێی بینینی بینەراندا بگونجێت.

هەرچەندە تائێستا بەڕێوەبەرایەتی BBC بەفەرمی لێدوانی لەسەر وردەکارییەکان نەداوە، بەڵام دزەپێکردنی ئەم زانیارییانە بۆ دەزگاکانی وەک (ITV News)و (PA)، شەپۆلێکی نیگەرانی‌و دڵەڕاوکێی زۆری لەناو ناوەندە میدیاییەکان‌و کارمەندانی دامەزراوەکەدا دروستکردوە، بەتایبەت کە بڕیارەکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بژێوی هەزاران خێزان دەبێت.