شه‌رع یاریه‌كى مه‌ترسیدار ده‌ستپێده‌كات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3182 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا سوریا لەناو گێژاوی گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا دەکوڵێت، دەسەڵاتی کاتیی دیمەشق (بەسەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع) نەخشەیەکی نوێ بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە جێناکۆکەکان دەستپێکردوە، ئەمجارە نەک بەباروت، بەڵکو لەڕێگەی ئەندازیاریی دوبارەی پێکهاتەی عەشائیری‌و لێدانی ئەو سەرکردایەتیه‌مێژوییانەی کە ساڵانێکە وەک دەسەڵاتێکی سەربەخۆ لەباکورو ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە مامەڵەیان کردوە.


گۆڕەپانی ململانێکان لەگوندی (فستات)ی ده‌وروبه‌رى قامیشلۆوە دەستیپێکرد، کاتێک بەبێ ڕەزامەندیی زۆربەی كه‌سایه‌تیه‌ دیاره‌كانى هۆزی شەمەر، (سەیف جەربا) وەک شێخی هۆزەکە ناسێنرا، ئەم هەنگاوە تەنها گۆڕانکارییەک نەبوو لەناوەکاندا، بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ لێدانی پێگەی شێخ مانع حومەیدی دەهام ئەلهادی کە لەدوای کۆچی دوایی باوکی لەساڵی 2022، وەک میراتگرێکی شەرعی‌و خاوەن هێزی (سەنادید) دەبینرێت.

سەرچاوە عەشائیرییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، دیمەشق دەیەوێت شێخێکی گوێڕایەڵ دروستبکات کە کلیلەکانی نەوت‌و دەروازە سنورییەکانیان پێبسپێرێت، نەک سەرکردەیەکی وەک مانع ئەلهادی کە خاوەن دیدگایەکی سیاسیی سەربەخۆترەو مامەڵە لەگەڵ هێزە جیاوازەکاندا دەکات.

ئەم سیاسەتە تەنها بۆ شەمەر نییە؛ بەڵکو هۆزی (جەبور)یش کە یەکێکە لەگەورەترین هۆزەکانی ناوچەکە، کەوتوەتەبەر شاڵاوی ئەم ئەندازیارییە، زانیارییەکان باس لەوەدەکەن، هەوڵ هەیە بۆ گواستنەوەی پۆستى شێخایه‌تى لەماڵی (ئال موسەڵەت) بۆ (ئال حەماد ئەلئەسعەد)، چاودێرانیش دەڵێن ئەمە تۆڵەی سیاسییە لەو سه‌ركرده‌ شێخانه‌ى کە نەیانویستوە ببنە پاشکۆی بێ مەرجی دیمەشق.

چاودێرانی سیاسیی‌و چالاکوانان کۆکن لەسەرئەوەی دیمەشق سێ ئامانجی سەرەکی دەپێکێت:
ـ بچوککردنەوەی زەعامەتەکان: گۆڕینی شێخەکان لەسەرکردەی جەماوەرییەوە بۆ فەرمانبەری دەوڵەت.
ـ کۆنترۆڵی ئابوریی: دەستبەسەرداگرتنی بیرە نەوتەکان‌و زەوییە کشتوکاڵییەکان لەڕێگەی کەسایەتییە نوێیەکانەوە.
ـ تێپەڕاندنی گرێی شەرعیەت: دروستکردنی کەلێن لەناو هۆزەکاندا تا هەمیشە پێویستیان بەدیمەشق بێت وەک ناوبژیوان‌و سەرچاوەی هێز.

ئەم یارییە بە ئاگر دەبینرێت، چالاکوانان هۆشداریدەدەن کە گۆڕانكاریى بونیادی کۆنی عەشایەر دەبێتە هۆی دروستبونی شەڕی ناوخۆیی‌و تێکچونی شانەی کۆمەڵایەتی سوریا، لەکاتێکدا ناوچەکە پێویستی بەتەباییە، دیمەشق بەدوای دروستکردنی چینێکی نوێ لەپیاوانی خۆی دەگەڕێت، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی خوێنی ڕۆڵەکانی هۆزەکەش بێت.