شارپرێس:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ئاشکرای کرد، لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، گەڕێکی نوێی دانوستان لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدرێت.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست، ترەمپ ڕایگەیاند کە دانوستان لەگەڵ ئێران "ڕەنگە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا" لە پاکستان ئەنجام بدرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە زیاتر مەیلی ئەوەمان هەیە بچینە پاکستان بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر ئێران بکەین".
پێشتریش سەرچاوەیەکی باڵای ئێران ڕوونی کردەوە کە "هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە، بەو پێیەی دانوستانکاران ماوەی لە هەینی تا یەکشەممەیان بە کراوەیی هێشتووەتەوە".
هاوکات دوو سەرچاوەی پاکستانی ئاگادار لەو بابەتە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئیسلام ئاباد لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هەردوولا سەبارەت بە قۆناغی داهاتوو، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە پێدەچێت لە کۆتایی هەفتەدا دانوستان بەڕێوەبچێت.