شارپرێس:
لەناو جەرگەی ئاڵۆزییە سیاسییەکانی عێراقو هەرێمی کوردستاندا، ئاماژەکان بۆ کەشوهەوایەکی نوێ لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانو دەوڵەتی تورکیا بەدیدەکرێن، چاودێرانیش پێیانوایە، لەمانگی شوباتی ئەمساڵەوە، زنجیرەیەک هەنگاوی دیپلۆماسیو سیاسیی نراون کە ئامانج لێیان کۆتاییهێنانە بەساردیی چەند ساڵەی نێوان سلێمانیو ئەنكەرە.
سەرەتای ئەم قۆناغە لە 22ی شوباتی ڕابردوو لەبەغدا دەستیپێکرد، کاتێک بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی بەیاوەریی خالید شوانی سەردانی بارەگای بەرەی تورکمانی کردو لەگەڵ محەمەد سهمعان سهرۆكى بهرهكه کۆبوەوە.
چاودێران ئەم کۆبونەوەیەیان وەک کەناڵێکی ناڕاستەوخۆ بۆ ناردنی پەیامی ئاشتی بۆ ئەنكەرە لێکدایەوە، یەکێتیی لەم دیدارەدا جەختی لەسەر شایستەیی پێکهاتەی تورکمان لەحکومەتی بەغداو هەرێمو کەرکوک کردەوە، ئەمەش وەک وەڵامێکی ئەرێنی بۆ داواکارییە مێژوییەکانی تورکیا لەناوچەکەدا دەبینرێت.
وەرچەرخانە گەورەکە لەکاتی هەڵبژاردنی نزار ئامێدی وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق ڕویدا، لەپەیامێکی سیاسیی دەگمەندا، بافڵ تاڵەبانی ستایشی ڕۆڵی تورکیاو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە بافڵ تاڵەبانی بە”سەرۆک ئەردۆغان” ناویهێنا سوپاسیکردن بۆ هەوڵەکانیان.
“لەپشت پەردەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان".
وهكو شرۆڤهكاران دهڵێن، "ئەمە نیشانەی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بوو لەگوتاری سیاسیی یەکێتیی بەرامبەر بەتورکیا کە ساڵانێک بوو بەهۆی دۆسیە ئەمنییەکانەوە گرژیی تێكهوتبوو".
یەکێک لەگرنگترین دەرئەنجامەکانی ئەم نزیکبونەوەیە، گۆڕانکارییە لەهاوسەنگیی هێز لەکەرکوک، زانیارییەکان باس لەوەدەکەن، بۆ یەکەمجار لەمێژووی دوای 2003، ئەگەری ڕێککەوتن لەسەر پێدانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بەپێکهاتەی تورکمان هەیە، ئەم هەنگاوەش دەبێتە گەورەترین متمانەبەخشین لەلایەن یەکێتییەوە بۆ تورکیا، لەبەرامبەردا تورکیاش پشتگیریی لەجێگیربونی پێگەی یەکێتیی لەناو کێشە سیاسییەکانی بەغداو ناوچهكه دەکات.
چاودێرانى سیاسى ئهوهش بهبیردههێننهوه، لایەنێکی دیكهى ئاساییبونهوهى پهیوهندییهكانى یهكێتیىو ئهنكهره، پەیوەستە بەپرسی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.
ئاشكرایدهكهن، گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەکە بۆ (فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی) وەک هەنگاوێکی دیپلۆماسیو تهكنیكی دەبینرێت کە کە یەکێتی گرتیەبەر بۆ ئاساییکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لەلایەن تورکیاوە، ئەمەش نیشانیدەدات کە لایەنەکان ئامادەن بۆ سازشی دولایەنە لەپێناو بەرژەوەندییە ئابورییو گەشتیارییەکان.
ئەم دیمەنە نوێیە سیاسییە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە یەکێتیی نیشتمانی دەیەوێت لەڕێگەی کەرکوکو پێکهاتەی تورکمانەوە، پەیوەندییەکی هاوسەنگو سەقامگیر لەگەڵ تورکیا بونیادبنێتەوە.
چاودێرانیش پێیانوایە، ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوامبێت، نەخشەی هاوپەیمانێتییەکان لەهەرێمی کوردستانو عێراقدا گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەسەردادێت.
