شارپرێس:
سەرۆک کۆماری عێراق نزار ئامێدی پێشوازیکرد لە سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی کۆمار، لە میانی دیدارەکەدا ، کە ئەمڕۆ دووشەممە 13-4-2026، لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، هەردولا باسیان لە بارودۆخی گشتی وڵاتکرد ستایشی ڕۆڵی هێزە نیشتمانییەکانیان کرد لە کارئاسانیکردنیان لەپرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار .
هەروەها جەختیانکردەوە لە گرنگی جێبەجێکردنی مەرجە دەستوورییەکان و پێویستی یەکلاکردنەوەی کاندیدێک لەلایەن گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و پێویستی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی کە نوێنەرایەتی هەموو عێراقییەکان بکات و کاربکات بۆ هێناندی خواستەکان بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە و سەقامگیری و گەشەسەندوو.
هاوکات هەردوولا جەختیانکردەوە لە گرنگی هەوڵی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا و بەهێزکردنی ڕێڕەوی دەوڵەت بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گەلی عێراق بکات و سەروەری وڵاتەکەی بپارێزێت.
هەروەها باس لە پێشهاتی سەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی کرا، لەو روەوە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران جەختیانکردەوە لەسەر پێویستی راگرتنی پەرەسەندنەکان و پەنابردن بۆ دیالۆگ وەک ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان، بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە بەدیهێنانی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری بۆ گەلانی ناوچەکە.