عێراق پێدەنێتە سەردەمی 5Gیه‌وه‌.. ئاسیاسێڵ‌و زانکۆی ئەلنەهرەین شۆڕشێکی تەکنەلۆژی بەرپا دەکەن

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1492 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە هەنگاوێکی بێ پێشینەدا، کە یەکەمینە لە عێراقدا، کۆمپانیای ئاسیاسێڵ ڕێکەوتنامەی کردنەوەی تاقیگەی نەوەی پێنجەم G5 لەکۆلێژی ئەندازیاری زانیاریی لەزانکۆی ئەلنەهرەین ڕادەگەیەنێت، بەپاڵپشتی‌و سپۆنسەری کۆمسیۆنی ڕاگەیاندن‌و گەیاندن، بۆ بەهێزکردنی نەوەی داهاتوو لەئەندازیاران‌و داهێنەرانی عێراقی.


کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، پێشەنگ لەدابینکردنی خزمەتگوزاریی پەیوەندییەکان‌و پەیوەندی دیجیتاڵیی لەعێراق، بەپاڵپشتی‌و سپۆنسەری کۆمسیۆنی ڕاگەیاندن‌و گەیاندن‌و بەهاوکاریی لەگەڵ کۆلێژی ئەندازیاریی زانیاری زانکۆی ئەلنەهرەین کە یەکێکە لەزانکۆ بەناوبانگەکانی عێراق، ڕێککەوتنی کردنەوەی یەکەم تاقیگەی نەوەی پێنجەم 5G ڕاگەیاند کە تایبەتە بەبوارەکانی پەروەردەیی‌و توێژینەوە لەعێراق، بەمەش بوە یەکەمین بەکارهێنانی پراکتیکی‌و ڕاستەقینەی تەکنەلۆژیای نەوەی پێنجەم G5 لەعێراقدا.

ئەم ڕێکەوتنامەی هاوبەشییە لەمیانی مەراسیمێکی فەرمیدا لەبارەگای ئاسیاسێڵ لەبەغدا واژۆکرا، بەئامادەبونی دکتۆر ئەندازیار بەلاسم سالم سەرۆکی دەستەی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی ڕاگەیاندن‌و گەیاندن‌و هیشام ئەلڕوکابی‌و دانا ئەسعەد ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی‌و هەروەها نوێنەرانی ئاسیاسێڵ‌و زانکۆی ئەلنەهرەین‌و کەسایەتییە بەناوبانگەکانی سێکتەرەکانی ئەکادیمی‌و فەرمیی لەعێراقدا.

ئەم تاقیگەیە دەبێتە ناوەندێکی گرنگ لەگەشتی وەرچەرخانی دیجیتاڵیی عێراقدا کە ژینگەیەکی پێشکەوتوی پەروەردەیی‌و توێژینەوەیی دابیندەکات بۆ فێرخوازانی ئەندازیاریی‌و تەکنەلۆژیای زانیاریی‌و پەیوەندییەکان کە دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنێت ڕاستەوخۆ دەستیان بگات بەتۆڕەکانی نەوەی پێنجەم G5و پڕۆگرامە کردارییەکانی ئینتەرنێت‌و ژیریی دەستکردو هەروەها پەیوەندییەکانی سەروی خێرایی‌و کۆمپیوتەریی پێشکەوتوو.

ئەم تاقیگەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان مەنهەجە ئەکادیمییەکان‌و داواکارییە خێرا پەرەسەندوەکانی بازاڕی کار لەکەرتی پەیوەندییەکان‌و تەکنەلۆژیادا.

ڕاگەیاندنی ئەم تاقیگەیە لەچوارچێوەی دیدگای ستراتیژی ئاسیاسێڵدا دێت بۆ سەرکردایەتیکردنی وەرچەرخانی دیجیتاڵیی لەعێراقداو هەروەها ئامادەکاریی پێشوەختە بۆ تەکنەلۆژیاکانی نەوەی پێنجەم G5 لەڕێگه‌ی وەبەرهێنانی بەردەوام لەژێرخانی دیجیتاڵیی‌و بونیادنانی توانا نیشتمانییەکان‌و بەرزکردنەوەی ئاستی ئیکۆسیستەمی داهێنان.

کردنەوەی تاقیگەی نەوەی پێنجەم G5 لەزانکۆی ئەلنەهرەین، نیشاندەری پابەندیی ڕاستەقینەی ئاسیاسێڵە بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتەکانی پەروەردەو داهێنان‌و هەروەها پەرەدان بەهاوبەشیی نێوان کەرتی تایبەت‌و سێکتەری ئەکادیمی بۆ بونیادنانی ئیکۆسیستەمێکی دیجیتاڵیی عێراقی گشتگیر.

له‌وباره‌یه‌وه‌ عامر سوناع بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئاسیاسێڵ ڕایگەیاند، "شانازی دەکەین کە ئاسیاسێڵ یەکەم کۆمپانیایە کە تەکنەلۆژیای نەوەی پێنجەم G5 دەهێنێتە بواری بەکارهێنانەوە بەشێوەیەکی کردەیی لەعێراقدا، هەروەها خاڵی دەستپێکردنیشی لەزانکۆیەکی بەناوبانگی عێراقی وەک زانکۆی ئەلنەهرەینە".

جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئەم تاقیگەیە تەنها دامەزراوەیەکی تەکنەلۆژی نییە، بەڵکو وەبەرهێنانە لەمێشکی گەنجەکانمان‌و داهاتوی نیشتیمانی دیجیتاڵیمان، لەئاسیاسێڵ، ئێمە باوەڕمانوایە کە بەتواناکردنی نەوەی داهاتوو بەئامرازە تەکنەلۆژییە مۆدێرنەکان باشترین ڕێگه‌یە بۆ بونیادنانی عێراقێکی دیجیتاڵیی کە توانای کێبڕكێی هەبێت لەجیهانیدا".

ئەندازیار بەلاسم سالم سەرۆکی دەستەی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی ڕاگەیاندن‌و گەیاندن دواو وتی، "کۆمسیۆن هەمیشە بەوپەڕی توانایەوە پاڵپشتی کەرتی پەروەردەییە لەعێراق، ئەمە لەڕێگه‌ی چەند پڕۆژەیەکەوە لەچوارچێوەی دیدگای داهاتوییدا بۆ پەرەپێدانی کەرتی پەیوەندییەکان لەعێراقدا".

جه‌ختیكرده‌وه‌، "پڕۆژەی ئەم تاقیگەیە یەکێکە لەو دیدگایانە کە گەرەنتی دابینکردنی ژێرخان دەکات بۆ فێرخوازان بۆ ناسین‌و کارکردن لەگەڵ نوێترین تەکنەلۆژیاکان بەشێوەیەکی کرداریی، بەمەش گەرەنتی هەبونی دەرچوی تایبەتمەند لەپسپۆڕیی تەکنۆلۆژیاکانی نەوەی پێنجەم G5 دەکات".

لای خۆیەوە پڕۆفیسۆر دکتۆر حیکمەت نەجم عەبدوڵڵا ڕاگری کۆلێژی ئەندازیاری زانیاریی وتى، "کردنەوەی تاقیگەی نەوەی پێنجەم G5 لەزانکۆی ئەلنەهرەین بڕینی هەنگاوێکی گەورەو ناوازەیە لەگەشتی پەروەردەو فێرکردنی ئەندازیاریی‌و تەکنیکی لەعێراقدا، خستنەڕوی ئەم تەکنەلۆژیا پێشکەوتوە بۆ فێرخوازان‌و توێژەرانمان بەشداردەبێت لەپەرەپێدانی بەهرەمەندە عێراقییەکان کە توانای پێشەنگایەتیکردنی پڕۆژەکانی وەرچەرخانی دیجیتاڵیی هەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی".

ئه‌وه‌شى وت، "ئێمە هاوبەشیمان لەگەڵ ئاسیاسێڵ بەرزدەنرخێنین‌و چاومان لەفراوانکردنی ئاسۆکانی ئەم هاوبەشییەیە بۆ خزمەتکردنی زیاتری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەعێراق".

ئەم خستنەبەردەستە بەشێکە لەزنجیرەیەک دەستپێشخەریی ستراتیژیی کە لەلایەن کۆمپانیای ئاسیاسێڵەوە جێبەجێدەکرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئیکۆسیستەمی داهێنان‌و وەرچەرخانی دیجیتاڵیی لەعێراق کە ئامادەیی بۆ خستنەگەڕی تۆڕی نەوەی پێنجەم G5 بەشێوەی بازرگانی دەکات هەر کە ڕەزامەندییە فەرمییەکان بەدەستهات، هەروەها فراوانکردنی هاوبەشییەکانی لەگەڵ دامەزراوە ئەکادیمی‌و تەکنەلۆژییە جیهانییەکان.

ئاسیاسێڵ جه‌ختده‌كاته‌وه‌، پابەندە بەپێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پێشکەوتوو کە هاوشانی بەرزترین ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بێت‌و هاوڵاتیانی عێراق بەبەردەوامی لەپەیوەندییدا بهێڵێتەوە.

دەربارەی ئاسیاسێڵ:
ئاسیاسێڵ "کۆماندەکاتەوە"، دابینکاری سەرەکی خزمەتگوزاریى پەیوەندییەکانی مۆبایل‌و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لەعێراق‌و ژماره‌ى به‌شدرابوانی نزیکەی 20 ملیۆنە.

ئاسیاسێڵ وەکو یەکەمین کۆمپانیاى خزمەتگوزاریى مۆبایل ناسێنراوە لەعێراق‌و یەکەمین کۆمپانیاشە تۆڕەکەی هەموو بەشەکانی عێراق دابپۆشێت، ئاسیاسێڵ خزمەتگوزارییەکانی +4G بەکوالێتییەکی بەرز لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابیندەکات‌و تۆڕەکەشى زیاتر 06.99٪ى دانیشتوانى عێراق ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌ تۆڕه‌كه‌ى ببێته‌ بەربڵاوترین تۆڕى مۆبایل بەفراوانترین ڕوماڵەوە لەنێو کۆمپانیاکانی دیكه‌ى پەیوەندیی لەعێراق.

ئاسیاسێڵ شانازی بەوەوەدەکات، لەکانونی دوەمی 2015وە باشترین دابینکاری خزمەتگوزاری ئینتەرنێتە کە باشترین تۆڕی پەیوەندی بەبەرزترین کوالێتی لەعێراق دابیندەکات.

بەپەلە