گروپە چەکدارەکانی عێراق بەمەرج پابەندی ئاگربەست دەبن

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1604 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

سەرۆکی هاوپەیمانی تەسمیم، عامر فایز، ڕۆژی یەکشەممە سەرکەوتنی کاری ئەو لیژنەیەی پشتڕاستکردەوە کە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە ئەرکی دانوستان لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای پێ سپێردراوە.

فایز، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا ڕایگەیاند، "ئەو لیژنە بە سەرۆکایەتی هادی عامری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی بەدر  بۆ دانوستان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان، سەرکەوتوو بووە لە ئەرکەکەیدا و ئاگربەستێکی مەرجداریان مسۆگەر کردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ئاگربەستەکەدا مەرجی ئەوە هاتووە کە گروپەکان ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان ڕابگرن، لە بەرامبەردا بەڵێنێک لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ خۆبواردن لە پەرەسەندنی سەربازی و بەئامانجگرتنی هێزەکانی حەشدی شەعبی و بارەگاکانی دیکەی گروپەکان بدرێت".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: گروپەکان پابەند دەبن بە وەستانی ئۆپەراسیۆنەکانیان تەنانەت دوای تەواوبوونی ئاگربەستەکە بە مەرجێک شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بە تەواوی کۆتایی پێبێت.