شارپرێس:
لەپشتی پەردەی کێبڕکێ توندەکەی بەغداو دوای کۆبونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لەماڵی دکتۆر فوئاد حسێن، بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی نارد کە تێیدا ماناکانی سەرکەوتنو شکستی گۆڕیی، تاڵەبانی بەئاشکراکردنی نهێنییەکانی ئەو کۆبونەوەیە، نیشانیدا کە بردنەوەی ئەمجارەیان تەنها دەستکەوتێکی حزبی نییە، بەڵکو بەرهەمی لێکتێگەیشتنێکی قووڵە بۆ ڕێگریکردن لەهەر گرژییەکی نوێ لەگەڵ پارتی.
لەساتەوەختێکی تەمومژاویدا کە هەموان چاوەڕێی تەقینەوەی کێبێڕکێیەکی توندو گواستنەوەی ئاگری ململانێکانی بەغدا بون بۆ ناو جەرگەی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەزمانێکی سیاسیی جیاوازو پڕ لەکۆدی دیپلۆماسی دەرکەوت، ئەو نەک هەر بردنەوەی کاندیدی حزبەکەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ڕاگەیاند، بەڵکو نەخشەی قۆناغێکی نوێی لەپەیوەندییەکانی نێوان یەکێتییو پارتی کێشا.
خوێندنەوەی شرۆڤەکاران بۆ پەیامەکەی تاڵەبانی ئاماژە بەوەدەکەن، کە ناوبراو نەیویستوە "کێشەیەک بخاتەسەر کێشەکان"، لەکاتێکدا کاندیدی یەکێتیی پۆستەکەی بردەوە، بەڵام تاڵەبانی شکۆی د. فوئاد حسێن، کاندیدی پارتی وەک ڕکابەرێکی دێرین پاراست، ئەمە لەفەرهەنگی سیاسەتدا بە(سەرکەوتنی زیرەکانە) ناودەبرێت؛ واتە بردنی پۆستەکە بەبێئەوەی لایەنی بەرامبەر هەست بەشکستی شکۆیی بکات.
ئەو زانیارییانەی لەبارەی کۆبونەوەی پێش دەنگدان لەماڵی د. فوئاد حسێن دزەیانکردوە، ڕەهەندێکی دیکە دەخەنەڕوو، کاتێک بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، "دکتۆر فوئاد خۆی دەیزانی کە ڕەنگە دروستتربێت ئەم پۆستە بۆ یەکێتیی بێت لەبەر باڵانس"، ئەمە ئاماژەیەکی ڕونە بۆ بونی جۆرێک لەلێکتێگەیشتنی پشت پەردە.
ئەم پەیامە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانەکەی د.ئەشواق جاف پەرلەمانتاری پارتی، کە دەڵێت ئەوکەسەی لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی کۆبوەتەوە (واته د. فوئاد)، هەموو دەسەڵاتێکی بڕیاردانی پارتی پێبوە.
چاودێرانیش بڕوایان وایه، ئەمەش دەریدەخات کە ململانێکان هەرچەندە لەمیدیاکاندا گەرمبون، بەڵام لەژورە داخراوەکاندا زمانی دیبلۆماسى سیاسیى کاریکردوە.
شرۆڤەکاران پێیانوایە سێ هۆکاری سەرەکی لەپشت ئەم نەرمییەی تاڵەبانییەوە هەبون، یهكهمیان ڕێگریی لەگرژیی ناوخۆ، واته ڕێگریکردن لەگواستنەوەی ململانێی بەغدا بۆ هەولێرو سلێمانی، دوهم پێویستی بەپارتی، یەکێتیی دەزانێت بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمو مامەڵە لەگەڵ بەغدا، پێویستی بەهەماهەنگی پارتی هەیە، سێهمیش، وێنای مەکینەی سیاسیی، لهمڕوهوه پیشاندانی بافڵ تاڵەبانی وەک سەرکردەیەک کە نەک تەنها بۆ حزبەکەی، بەڵکو بۆ باڵانسی نیشتمانی تێدەکۆشێت.
وەسفکردنی د. فوئاد حسێن وەک تێکۆشەرێکی 50 ساڵەو کەسێک کە بۆ یەکڕیزیی کورد سیاسەتی کردوە، گەورەترین پەیامی ئاشتبونەوە بوو، چونكه بافڵ تاڵەبانی توانیی بردنەوەی یەکێتیی وەک قوربانیدانی پارتی بۆ یەکڕیزیی وێنابکات، نەک وەک شکستی سیاسیی ئەو حزبە.
چاودێران پێیانوابوو، لهدواى كۆتاییهاتنى پرۆسهى ههڵبژاردنى سهرۆك كۆمارو دهرچونى كاندیدهكهى یهكێتیى، پارتى كاردانهوهى توندى ههبێت، بهڵام پێچهوانهى چاوهڕوانیهكان، پارتى هیچ كاردانهوهیهكى لهبهرامبهر كۆى پرۆسهكه نیشان نهداو لهمیدیاشهوه شتێكى ئهووتۆى لهبارهوه نهوترا، ههربۆیه ئهگهرى ئهوه نیشاندهدهن كه پرۆسهكه لهدواى كۆبونهوهكهى ئهمڕۆى ماڵى د.فوئادهوه، بهڕێكهوتنێكى سیاسیى بهڕێوهچوبێت.
شرۆڤهكاران وایدهبینن، پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی تەنها گوتارێکی سەرکەوتن نەبوو، بەڵکو نەخشە ڕێگهیەک بوو بۆ پاراستنی ئەوەی مابوەوە لەیەکڕیزیی، کاتێک ئەو شکۆی نەیارەکەی دەپارێزێتو بردنەوەی پۆستەکە وەک باڵانس نەک شکست وێنادەکات، تۆپەکە دەخاتەوە گۆڕەپانی پارتی، ئێستا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، ئایا پارتی ئەم کۆدە دیپلۆماسییانە وەک دەستپێشخەرییەک بۆ ئاشتەواییەکی گشتگیر وەردەگرێت، یان ململانێی پۆستەکان لەبەغداوە دەگوازرێتەوە بۆ قوڵایی جومگەکانی حکومڕانی لەهەرێم؟.
