له‌كاتى كۆبونه‌وه‌ى ئێران‌و ئه‌مریكا شه‌ش جار په‌یوه‌ندیى به‌تره‌مپه‌وه‌ كراوه‌

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1819 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەمیانی 21 کاتژمێری چڕی دانوستانەکانی پاکستان، شەش پەیوەندیی تەلەفۆنیی ڕاستەوخۆ لەنێوان جەی دی ڤانس‌و دۆناڵد ترەمپ، تەقینەوەیەکی دیپلۆماسییان لەپەیوەندییەکانی واشنتۆن‌و تاراندا دروستکرد، ئەم ماراسۆنە سیاسییە نیشانەی دەستوەردانی ڕاستەوخۆی کۆشکی سپی بوو بۆ دیاریکردنی هێڵە سورەکان، کە سەرەڕای چاودێریی ورد، نەیتوانی ڕێگریی لەشکستی گەورەترین هەوڵی ئاشتی ناوچەکە بکات.


لەپشت دیوارە توندوتۆڵە ئەمنییەکانی پایتەختی پاکستان‌و لەژێر چاودێرییەکی وردی جیهانیدا، گەورەترین‌و باڵاترین ئاستی کۆبونەوەی نێوان ئەمریکا‌و ئێران لەدوای شۆڕشی 1979 بەڕێوەچوو، بەڵام دوای 21 کاتژمێر لەگفتوگۆی ئاڵۆزو شەڕە دەمار، وەفدی هەردولا بەبێ گەیشتن بەڕێککەوتنێکی کۆتایی کورسییەکانیان جێهێشت.

تره‌مپ لەسەر هێڵ بوو.. شه‌ش پەیوەندیی لەکاتی کۆبونەوەدا
گرنگیی ئەم دانوستانانە لەوەدابوو کە جیهان تەنها بینەری کۆبونەوەیەک نەبوو، بەڵکو بینەری هەوڵێکی چڕی دۆناڵد تره‌مپ بوو لەڕێگەی جەی دی ڤانسی جێگرییەوە.

به‌گوێره‌ى سەرچاوەکان، ڤانس لەمیانی کۆبونەوەکاندا شه‌ش جار بەشێوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەتره‌مپەوە کردوە بۆ وەرگرتنی ڕێنمایی، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کۆشکی سپی دەیویست بەگورزێکی دیپلۆماسی کێشەکە یەکلایی بکاتەوە.

پێکهەڵپژانی دوو عەقڵییەت.. خێرایی لەبەرامبەر پشودرێژیی
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، هۆکاری سەرەکی شکستەکە تەنها ناوەڕۆکی دۆسیەی ئەتۆمیی نەبوە، بەڵکو جیاوازی عەقڵییەت بوە، بەرەی ئەمریکی بەسەرۆکایەتی ڤانس‌و کوشنەر، دەیانویست بەخێرایی‌و لەماوەی ئەو 14 ڕۆژەی ئاگربەستەدا بگەنە ئەنجامێکی کۆنکرێتی، بەرەی ئێرانیش بەسەرۆکایەتی قالیباف‌و عێراقچی، وەک هەمیشە پەنایان بردەبەر تەکنیکی کاتکوشتن‌و وردەکارییە تەکنیکییە درێژخایەنەکان، ئەمەش بێزاری لای لایەنی ئەمریکی دروستکرد.

هێڵە سورەکان‌و داهاتویەکی لێڵ
جەی دی ڤانس پێش جێهێشتنی ئیسلام ئاباد بەڕاشکاوی وتی، "هەواڵە خراپەکە ئەوەیە نەگەیشتینە ڕێککەوتن، بەڵام ئەمە بۆ ئێران زۆر خراپترە تا بۆ ئێمە".

ئەمریکا داوای بەڵێنی ڕەهای ئێرانی دەکرد بۆ دەستبەرداربون لەچەکی ئەتۆمیی، بەڵام تاران ئامادەنەبوو ئەو نرخە بدات.

پاکستان؛ نێوەندگیرێکی نوێ لەناوچەیەکی گڕگرتودا
لەکاتێکدا ئیسلام ئاباد لەژێر باری تەقینەوەیەکدا بوو و هەزاران سەرباز شەقامەکانیان کۆنترۆڵکردبوو، پاکستان توانیی ڕۆڵێکی دیپلۆماسیی چاوەڕواننەکراو بگێڕێت، هەرچەندە ئەم خولە شکستیهێنا، بەڵام وەزیری دەرەوەی پاکستان جەختدەکاتەوە کە نابێت ئاگربەستەکە بشکێت‌و وڵاتەکەی هەوڵ بۆ خولێکی دیكه‌ى گفتوگۆ دەدات.

پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا دوای کۆتاییهاتنی 14 ڕۆژەکەی ئاگربەست، ناوچەکە بەرەو تەقینەوە دەچێت، یان ئەم شکستە تەنها پشویەکی جەنگاوەر بوو بۆ گەڕێکی توندتر؟.