شارپرێس:
لەکاتێکدا جیهان چاوەڕوانی تروسکاییەکی ئاشتی بوو لەکۆبونەوەکانی پاکستان، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەزمانێکی توندو پڕ لەهەڕەشە هاتەدەنگو ئاڕاستەی ڕوداوەکانی بەرەو سەرهەڵدانی گەورە گۆڕیی، ناتانیاهۆ نەک هەر شکستی دیپلۆماسی ڕاگەیاند، بەڵکو پەردەی لەسەر قۆناغێکی نوێی جەنگی ڕاستەوخۆ لادا.
لێدان لەدڵی تاران.. دەستکەوتە سەربازییەکان
ناتانیاهۆ بەمتمانەیەکی زۆرەوە ڕایگەیاند، ئیسرائیلو ئەمریکا توانیویانە، ئامانجە ستراتیژییەکانیان بپێکن، سوپای ئیسرائیل دەیان بارەگای سەرەکی سوپای پاسدارانی لەناوخۆی ئێران وێرانکردوە.
پەیامی ناتانیاهۆ ڕونبوو وتى، "ئێران چیتر هیچ دامەزراوەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ نەماوەتەوە، ئەم جەنگە ڕێگربوو لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، کە ئەوەش هێڵی سوری ئێمه بوو لهتەلئەبیب".
هاوکێشەی ترەمپو ناتانیاهۆ.. بەرەیەکی یەکگرتوو
خاڵی هەرە سەرنجڕاکێش لەپەیامەکەیدا، جەختکردنەوەبوو لەسەر هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، ئەمەش بهبڕواى چاودێران، ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە ئیسرائیل لەمەودوا پشتئەستورە بەسیاسەتە توندەکانی واشنتۆنو چیتر گوێ بەفشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەست نادات، مەگەر بەو مەرجانەی کە خۆی دەیەوێت.
بژاردەی "سیاسی" یان "هێز"؟
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشدارییەکی کۆتاییدایە تاران؛ سەبارەت بەو بڕە یۆرانیۆمەی کە هێشتا لای ئێران ماوە، ناتانیاهۆ بژاردەی سێیەمی نەهێشتەوەو وتى، "یان ڕێککەوتنێکی سیاسیی بۆ بردنە دەرەوەی یۆرانیۆمەکە، یان لەناوبردنی بەهێزی سەربازیی"، ههروهك دهوترێت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئیسرائیل ئامادەیە بۆ لێدانی کۆتایی ئەگەر تاران تەسلیم نەبێت.
لوبنان.. ئاشتیی لەژێر سێبەری هەڕەشەدا
سەبارەت بەبەرەی باکور، ناتانیاهۆ باس لەئاشتییەکی ڕاستەقینە دەکات، بەڵام ئاشتییەک کە بۆ چەندین نەوە بمێنێتەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئیسرائیل دەیەوێت هەژمونی ئێران لەلوبنان بەتەواوی کۆتایی پێبهێنێت پێشئەوەی هەر جۆرە ڕێککەوتنێک واژۆبکات.
ئەم لێدوانانە لەساتەوەختێکی هەستیاردا دێن؛ کاتێک گفتوگۆکانی ئەمریکاو ئێران لەپاکستان گەیشتونەتە بنبەست، ناتانیاهۆ بەم قسانەی نەک هەر هەڕەشەیکرد، بەڵکو نەخشەڕێگهی قۆناغی داهاتوی کێشا کە تێیدا دەنگی چەک بەسەر دەنگی دیپلۆماسیدا زاڵدەبێت.
