له‌تارانه‌وه‌ ده‌نگى ناڕه‌زایى دژى واشنتۆن به‌رزده‌بێته‌وه‌

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1384 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای هەوڵێکی چڕی دیپلۆماسی کە 21 کاتژمێری خایاندوه‌، دانوستاندنەکانی نێوان واشنتۆن‌و تاران لەپایتەختی پاکستان بەبێ گەیشتن بەڕێککەوتنی کۆتایی کۆتاییانهات، ئەم شکستە مه‌ترسییه‌كى جددی لەسەر ئەو ئاگربەستە ناسکە دروستدەکات کە ماوەی دوو هەفتەیە جەنگە گشتگیرەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕاگرتوە.


محەممەد جەواد زەریف وەزیری پێشوی دەرەوەی ئێران‌و یەکێک لەکارەکتەرە دیارەکانی دیپلۆماسیی ئەو وڵاتە، واشنتۆن بەبەرپرسیاری سەرەکیی شکستی گفتوگۆکان دەزانێت.

زەریف لەپەیامێکی تونددا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێكس نوسیویه‌تى، "ئەمریکا دەبێت فێربێت کە ناتوانێت مەرجەکانی خۆی بەسەر تاراندا بسەپێنێت، هیچ دانوستاندنێک سەرکەوتونابێت ئەگەر لەسەر بنەمای سەپاندنی مەرج بێت نەک لێکتێگەیشتنی هاوبەش".

هەرچەندە ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتون، بەڵام سەرچاوە میدیاییەکان باس لەناکۆکییەکی قووڵ دەکەن.

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)، دوو پرسی سەرەکی بونەتە بەربەست، ئه‌وانیش یه‌كه‌میان داواکاریی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز، ڕەتکردنەوەی دەستبەرداربون لەیەدەگی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران.

لەلایەکی دیکەوە، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە سەرۆکایەتیی وه‌فدى وڵاتەکەی دەکرد، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند، تاران مەرجەکانی ئەمریکای قبوڵنەکردوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە واشنتۆن لەسەر هێڵە سورەکانی خۆی سورە، بەتایبەت دوای ئەو ئاڵۆزییە گەورانەی دوای 28ی شوبات‌و کوژرانی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، ناوچەکەی گرتەوە.

ئێستا کە دانوستاندنەکان گەیشتونەتە بنبەست، جیهان چاوەڕێی ئەوەیە بزانێت ئایا ئاگرەبەستە کاتییەکە بەردەوامدەبێت یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە ناو گێژاوی جەنگێکی خوێناویی دیكه‌؟ تاران دەڵێت، هێشتا کات بۆ فێربونی ئەمریکا ماوە، بەڵام دەنگی تەپڵەکانی جەنگ لەهەموو کاتێک زیاتر لەئاسۆی ناوچەکەدا دەبیسترێت.