ترەمپ بڕیارێكى به‌په‌له‌ له‌باره‌ى ئێرانه‌وه‌ ده‌دات‌و گه‌مارۆدان ده‌ستپێده‌كات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2505 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەنگاوێکی کتوپڕو بێپێشینەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بەهێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەیدا کە گەمارۆیەکی سەربازیی دەستبەجێ بخەنەسەر گەروی هورمز، ئەم بڕیارە جیهانی خستوەتە لێواری تەقینەوەیەکی سەربازیی گەورە لەناوچەکەدا.


ترەمپ لەلێدوانەکانیدا زۆر ڕاشکاوانه‌ ڕایگەیاندوه‌، "ئەمریکا چیتر ڕێگەنادات ئێران یاری بەئاسایشی وزەی جیهان بکات، هێزە دەریاییەکانمان فەرمانیان پێدراوە دەستبەجێ هەر کەشتییەک ڕابگرن کە هەوڵی چونە ناوەوە یان چونە دەرەوە لەگەروەکە بدات، مەگەر بەمۆڵەتی ئەمریکا بێت".

ترەمپ جەختیکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا دەستیانکردوە بەلەناوبردنی ئەو مینە دەریاییانەی کە ئێران چاندویەتی، ئەو کەشتییانەی ئێرانیش کە تۆمەتبارن بەچاندنی مین لەناو گەروی هورمز بۆ پەکخستنی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان ئێستا لەقووڵایی دەریادان.

ترەمپ ڕەخنەی توندی لەوڵاتانی وەک چین‌و ژاپۆن گرت‌و وتی، "ئێمە خەریکی پاراستنی ڕێڕەوەکانی ئێوەین، بەڵام خۆتان ئامادەنین تێچوەکەی بدەن، چیتر ئەمە بەخۆڕایی نابێت"، ئەم گەمارۆیە وەک کارتی کۆتایی ترەمپ دەبینرێت بۆ خنکاندنی تەواوەتی هەناردەی نەوتی ئێران‌و ناچارکردنی تاران بۆ چۆکدادان لەدانوستانەکاندا.

چاودێرانى سیاسیى پێیانوایه‌، ئەم هەڕەشانەی ترەمپ تەنها قسە نین؛ جوڵەی كه‌شتیه‌ جه‌نگیه‌ زه‌به‌لاحه‌كانى وەک (یو ئێس ئێس فرانك پیتەرسن) نیشانەی جددیبونی واشنتۆنەو ئەمەش گەورەترین تاقیکردنەوەیە بۆ سیاسەتی هێزی ترەمپ، کە ڕەنگە ناوچەکە بەرەو ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پاسدارانی ئێران بەرێت.

ئێستا گەروی هورمز لەژێر ڕەحمەتی بڕیارەکانی ترەمپدایە، ئایا ئەمە تەنها مانۆڕێکی سیاسییە بۆ فشار، یان دەستپێکی جەنگێکی نوێی نەوتە لەناوچەکەدا؟ كاتژمێره‌كانى داهاتوو وەڵامی ئەمە دەدەنەوە.