ئیتڵاعاتى ئێران ده‌ستگیركردنى تۆڕێكى فراوانى مۆسادى ئیسرائیل ئاشكراده‌كات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2290 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، توانیویانە یەکێک لەگەورەترین تۆڕەکانی سیخوڕیی‌و تێکدەرانە لەناوخۆی وڵاته‌كه‌دا تێکبشکێنن، ئۆپەراسیۆنەکە کە سێ پارێزگای ستراتیژیی (هەمەدان، سێمنان‌و گیلان)ى گرتوەتەوە، بوەتە هۆی دەستگیرکردنی زیاتر لە120 کەس‌و دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر چەکی ئاگرین.


به‌گوێره‌ى ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان، گەورەترین گورز لەپارێزگای گیلان دراوە، کە تێیدا 102 کەس دەستگیرکراون، سوپای پاسداران دەڵێت، "چوار کەس لەوانە سیخوڕی ڕاستەوخۆی مۆساد بون‌و ئەرکیان کۆکردنەوەی زانیاریی نهێنی لەسەر ناوچە هەستیارەکان بوە".

لەپارێزگای هەمەدانیش، 18 کەس کە وەک "تێکەڵەیەک لەلایەنگرانی پاشایەتی‌و توخمە نەتەوەییەکان" وەسفکراون، کەوتونەتە داوی هێزە ئەمنییەکانەوە، تۆمەتی سەرەکییان ناردنی زانیاری بوە بۆ ناوەندە دەرەکییەکان بەمەبەستی ئەنجامدانی کردەوەی تێکدەرانە.

هەروەها لەپارێزگای سێمنان، دوو سیخوڕی دیکەی مۆساد ئاشکراکراون کە لەسەرەتای دەسپێکی گرژییە سەربازییەکانەوە خەریکی پەیوەندیی بەردەوامبون لەگەڵ ئەفسەرانی هەواڵگریی ئیسرائیل بۆ ناردنی زانیاریی لەسەر کەسایەتییە کاریگەرەکان.

ئەوەی ئەم ڕاگەیەندراوەی سوپای پاسداران جیادەکاتەوە، ئاماژەدانە بەدەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر چەکی ئاگرین، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم تۆڕانە تەنها بۆ کاری سیخوڕیی‌و کۆکردنەوەی زانیاری دانەمەزراون، بەڵکو پلانیان هەبوە بۆ گۆڕینی ئاراستەی ناڕەزایەتییەکان یان ئەنجامدانی کردەوەی چەکداریی لەناوشارەکاندا.

ئەم ئۆپەراسیۆنە لەکاتێکدایە کە شەڕی سێبەر لەنێوان ئێران‌و بەرەی (ئەمریکا-ئیسرائیل) گەیشتوەتە لوتکە، سوپای پاسداران بەبڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، دەیەوێت پەیامی "باڵادەستیی هەواڵگریی" خۆی بگەیەنێت‌و جەختبکاتەوە کە هیچ جموجۆڵێکی ناوخۆیی کە پەیوەندیی بەدەرەوە هەبێت، لەچاوی ئەوان ون نابێت.

لەئێستادا، چارەنوسی دەستگیرکراوەکان ڕوبەڕوی دادگا کراوەتەوەو چاوەڕواندەکرێت لەڕۆژانی داهاتودا دانپێدانانی هەندێک لە"سیخوڕەکان" لەمیدیا فەرمییەکانی ئێرانەوە بڵاوبکرێتەوە، ئەمەش وەک نەریتێکی هەمیشەیی بۆ سەلماندنی تۆمەتەکان.

بەپەلە