له‌سه‌ر سكاڵایه‌كى كۆمه‌ڵ پۆلیس مامۆستایه‌كى ئایینى ده‌ستگیرده‌كات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1884 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ هه‌ردى حه‌سه‌ن:

لەسەر سکاڵایەکی یاسایی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین مامۆستایەکی ئاینییان بەناوی (جێگر مێدێرەیی) دەستگیرکرد، ئەمەش دوای ئەوەی ناوبراو لەڕێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕەخنەی توندی ئاراستەی ئەو حزبە کردبوو.


شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین به‌شارپرێسى وت، "دەستگیرکردنەکە ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجامدراوە، مامۆستاکە به‌گوێره‌ى مادەی (2) لەیاسای "خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن" ڕاگیراوە، کە ئەم یاسایە زۆرجار لەکێشەکانی تایبەت بەبڵاوکردنەوەی پۆست‌و ناوزڕاندن لەفەیسبوک بەکاردێت".

ئەو نوسینەی بوەتە هۆی دەستگیرکردنی مامۆستا جێگر، پێکهاتبوو لە 10 خاڵی ڕەخنەیی توند کە تێیدا هێرشیکردبوەسەر بنەماکانی کۆمەڵى دادگه‌رى، مامۆستاکە لەنوسینەکەیدا بەزمانێکی زبر باسی لەوەکردبوو، "کۆمەڵ زیاتر لە 20 ساڵە لەدایکبوە، بەڵام هاوشێوەی دوپشکەو دایکی خۆی کوشتوە".

هەروەها لەخاڵەکانی دیكه‌یدا تۆمەتی "هەڵگرتنی فکری تەکفیری، نەبونی پڕۆژە، هەبونی ڕابەرێکی کۆڵەوار"ی ئاراستەی حزبەکە کردبوو، لەکۆتاییشدا پێشبینی هەڵوەشانەوەی ئەو حزبەی کردبوو ئەگەر لەسەر ئەو شێوازە بەردەوامبن.

دەستگیرکردنی ئەم مامۆستا ئاینییە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی لێکەوتوەتەوە؛ هەندێک بەمافی یاسایی حزبیی دەزانن بەرگریی لەناوی خۆی بکات‌و هەندێکی دیكه‌ش بەبەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین‌و ڕەخنەگرتنی دەبینن.

تائێستا لایەنی سکاڵاکار (کۆمەڵی دادگەری) هیچ ڕونکردنەوەیەکی فەرمی لەسەر وردەکاریی سکاڵاکەیان بڵاونەکردوەتەوە.