راپۆرتی شیکاری - شارپرێس:
پێنج تیۆرسێنی سەرەکی
لە زانستە سیاسییەکان، ئابووریی سیاسی، و کۆمەڵناسی چەند ڕوونکردنەوەیەک دەخەنەڕوو
کە بۆچی مەرج نییە ئەو وڵاتانەی ئابوورییان لە قەیراندایە، داڕمێن!
یەکەم: تیۆری هاوپەیمانییەکانی
قازانج–ى مانکور ئۆلسۆن
ئۆلسۆن دەڵێ، تەنانەت
خراپترین و ناکارامەترین حکومەتەکانیش، بە تێپەڕبوونی کات، تۆڕێک لە گروپە بەرژەوەندیخوازەکان،
فەرماندە سەربازییەکان، بیرۆکرات، و کەسانی وابەستە دروست دەکەن کە مانەوەی ڕژێم بەوانەوە
دەبەسترێتەوە. هەرچەندە ئەم گروپانە دەزانن بارى ئابوریی خراپە، بەڵام سوود لە دۆخی
ئێستا وەردەگرن و ڕێگە نادەن بڕووخێت. بۆیە ئەگەر زۆرینەی خەڵکیش هەژار بن، تا تۆڕی
دەسەڵات و گروپە بەرژەوەندیخوازەکان سەقامگیر بێت، سیستمکە ناڕووخێت و ئابووریی قەیراناویش
نابێتە هۆی داڕمان.
دووەم: تیۆری توانای
دەوڵەت و ئامرازەکانی سەرکوت–ى چارڵز تیلی
تیلی، کۆمەڵناسى
گەورە دەڵێت، تا دەوڵەتەکان توانای کۆنترۆڵکردن و سەرکوتکردن و سەرچاوەکانیان لەدەستدا
بێت، تەنانەت ئەگەر بارى ئابووریش خراپ بێت، دەتوانن بمێننەوە، وە هۆکارە سەرەکییەکانی
مانەوەی دەوڵەتانی قەیراناوی بریتین لە: بوونى سەرکوتکردن و توندوتیژی (باڵادەستى
سوپا و پۆلیس)، کۆنترۆڵی بیرۆکراسیانە، توانای کۆکردنەوەی باج یان سەرانە لە گروپە
سنووردارەکان، هێزی پڕوپاگەندە و کۆنترۆڵی گێڕانەوە (پڕوپاگەندەی
دەوڵەت). کەواتە تا دەوڵەت ئامرازەکانی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی
بپارێزێت، تەنانەت قەیرانێکی قووڵى ئابووریش نابێتە هۆی داڕمانی.
سێیەم: تیۆری وابەستەیی
و نەزمی نیمچە سەقامگیر–ى ئیمانوێل والێرشتاین
لە تیۆری سیستمی
جیهانی والێرشتایندا زۆرێک لە وڵاتانی پەراوێز لە دۆخێکی درێژخایەنی قەیرانی ئابووریدان
بەڵام ناڕووخێن لەبەرئەوەى:
ڕۆڵیان هەیە لە سووڕی ئابووری جیهانی (فرۆشتنی هەرزانى سەرچاوەکان، هێزى کاری هەرزان، و بەکارهێنانی کەلوپەلی بیانی).
دەستەبژێرەکانى دەسەڵات پەیوەندی دەرەکی بەهێزیان هەیە و لە دەرەوە پشتیوانیان لێدەکرێت.
لەم وڵاتانەدا جۆرێک لە هاوسەنگی نەرێنی دروست دەبێت: نە بوژانەوە و نە داڕمان.
کەواتە سیستمی ئابووری لاواز دەتوانێت بۆ دەیان ساڵ بەردەوام بێت، چونکە
لە پێکهاتەی جیهانیدا جێگەیەکیان هەیە کە ڕێگری لە داڕمانی تەواوەتییان دەکات.
چوارەم: تیۆری دامەزراوە
وەبەرهێنەکان و مانەوەی سیاسی–ى دارون عەجەمۆغڵو
عەجەمۆغڵو دەڵێ ئەو
وڵاتانەی کە دامەزراوەی سیاسی وەبەرهێنیان هەیە (یان دەسەڵاتی دەوڵەت بەدەست گروپێکی
بچووکەوەیە) ئەگەر ئابووری لە داڕمانیشدا بێت، ناڕووخێن چونکە: دەسەڵات لە دەستی گروپێکی
سنووردارى وەبەرهێندا چڕبووەتەوە. ئەم گرووپە دەتوانێت سەرچاوە ئابوورییەکان ببات
بۆ خۆى. هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی مەترسی لەسەر بەرژەوەندی ئەو گروپە دروست دەکات، بۆیە
بە هەموو توانایانەوە ڕێگری لە داڕمان و گۆڕانکاری دەکەن. کەواتە ڕەنگە ئابووری هەرەس
بهێنێت، بەڵام پێکهاتەی سیاسی هێشتا دەتوانێت بەردەوام بێت.
پێنجەم: تیۆری هەژاری
بەرگەگیراو-ى جەیمس سکۆت
سکۆت دەڵێت حکومەتەکان
ناڕوخێن تا ئەو کاتەى کە خەڵکى برسێتی ڕەها و نائەمنییەکی تەواو ئەزمون نەکەن واتە
ئەوکاتانەى کە کەمترین خۆراک و ئاسایش و هیوا بوونى هەبێت. سەرکوتکردن یان کۆنترۆڵی
کۆمەڵایەتی ڕێگری دەکات لە خۆ ڕێکخستنی خەڵک! بە واتایەکی تر: مرۆڤەکان هەژار دەبن،
بەڵام تا بارودۆخەکان لە ئاستی بەرگەگرتن تێنەپەڕن، داڕمان و ڕاپەڕین ڕوونادات!
