قالیباف بۆ تره‌مپ: وەڵامی لۆژیک بەلۆژیک‌و جەنگیش بەجەنگ دەدەینەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3022 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، دوای گەڕانەوەی لەدانوستانە چڕەکانی پاکستان، پەیامێکی یەکلاکەرەوەی ئاراستەی واشنتۆن کردو ڕایگەیاند، "دیواری بێمتمانەیی نێوانمان 77 ساڵە بەرزدەبێتەوەو ئێمە هەرگیز سەر بۆ هەڕەشە دانانەوێنین"، ده‌شڵێت، "ئه‌وان قەرزاری ئەم میللەتەن".


قالیباف جەختیکردەوە، هیچ متمانەیەکیان بەئەمریکییەکان نییە، ئەگەر ئەمریکاش بیەوێت لەم تەنگژەیە ڕزگاری بێت، دەبێت هەوڵێکی زۆر بدات بۆ بەدەستهێنانەوەی متمانەی گەلی ئێران، چونکە وه‌كو قالیباف ده‌ڵێت، "ئەوان كه‌ مه‌به‌ستم ئه‌مریكایه‌، قەرزاری ئەم میللەتەن".

لەکاردانەوەی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ له‌باره‌ى گەروی هورمزه‌وه‌، قالیباف بەتوندی وەڵامیدایەوەو وتی، "ئەگەر شەڕبکەن، دەجەنگین؛ ئەگەر بەلۆژیک بێن، بەلۆژیک وەڵامدەدەینەوە، ئیرادەی ئێران تاقی مەکەنەوە، ئه‌گه‌رنا وانەیەکی گەورەترتان پێدەدەین، هەر هێرشێک بۆسەر خاک یان دورگەکانی ئێران، وەڵامێکی وێرانکەری دەبێت‌و بەرپرسیارێتى خوێنی سەربازانی ئەمریکیش دەکەوێتە ئەستۆی ترەمپ".

سەرەڕای 21 کاتژمێر گفتوگۆی چڕو پێشنیازی ناوازە لەلایەن هه‌ردولایه‌نى واشنتۆن‌و تارانه‌وه‌، به‌ڵام دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد بێئەنجام کۆتاییانهات، تارانیش دەڵێت، "هۆکارەکەی داواکارییە زیاده‌كانى ئەمریکا بوە".

قالیباف ئه‌وه‌شى وت، "دیواری بێمتمانەیی نێوان تاران‌و واشنتۆن 77 ساڵە بەردەوامە، تەنها لەساڵی ڕابردودا، ئەمریکا دوجار لەکاتی بەڕێوەچونی دانوستانەکاندا هێرشیکردوەتەسەر ئێران، ئەمەش وایکردوە تاران بەنیازپاکی بەڵام بێمتمانەیی تەواو بچێتەسەر مێزی گفتوگۆ".

بۆ یه‌كه‌مجار زانیارییه‌كى زۆر گرنگى ڕاگه‌یاندو جه‌ختیكرده‌وه‌، "وه‌فدى ئێران 168 پێشنیازی بونیادنەرو داهاتوبینانەی خستەڕوو، بەڵام دانوستانەکان بەهۆی ئه‌وه‌ى داواکارییەکانی ئه‌مریكا لەدەرەوەی چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان بوو دانوستان شكستیهێنا".

سەرۆکی پەرلەمانى ئێران ستایشی خۆڕاگری 47 ساڵەی گەلی ئێرانی کردو ئامادەیی خەڵکی لەمەیدانەکاندا بەکلیلی سەرکەوتنی دیپلۆماسی‌و تێکشکاندنی شەڕی دەرونیی دوژمن وەسفکرد.

لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی ڕێککەوتن بوو، بەرەبەیانی ڕۆژى یەکشەممە 12ی نیسانی 2026 کۆتاییهاتنی گفتوگۆکان بەبێ ڕێککەوتن ڕاگەیەندرا، لەو نێوەندەشدا، وەزیری دەرەوەی پاکستان داوای لەهەردولا کرد پابەندی ئاگربەست بن‌و ڕێگەنەدەن ناوچەکە بەرەو تەقینەوە بڕوات.