شارپرێس:
دوای 21 کاتژمێر لەدانوستانی چڕو مێژویی لەئیسلام ئاباد، هیوای ئاشتی لەناو چەپڵەڕێزانی جەنگدا بەخێرایی باڵی کێشا، شکستی یەکەم دیداری ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکاو ئێران دوای چەندین دەیەی پچڕان، ناوچەکەی خستوەتە بەردەم قۆناغێکی مەترسیدار کە ڕەنگە (جەنگی 40 ڕۆژه)ى مانگی شوبات لەچاویدا تەنها سەرەتایەک بوبێت.
جی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەجانتایەکی پڕ لەمەرجەوە ئیسلام ئابادی جێهێشت، واشنتۆن هێڵی سوری کێشاو ڕایگهیاند، کۆتاییهێنان بەپیتاندنی یۆرانیۆم، هەڵوەشاندنەوەی بنکە ئەتۆمییەکانو بڕینی دەستی تاران لەمیلیشیا ناوچەییەکان (حەماس، حزبوڵڵا، حوسییەکان).
لەبەرامبەردا، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، واشنتۆنی تۆمەتبارکرد بەوەی نەیتوانیوە متمانە دروستبکات، سەرەڕای ئەوەی تاران 10 خاڵی پێشنیازکراوی خستبوەسەر مێزی گفتوگۆ.
تەنها چەند کاتژمێرێک دوای گەڕانەوەی وهفدهكان، دۆناڵد ترەمپ بەزمانێکی هەڕەشەئامێز بێدەنگییەکەی شکاند، ترەمپ ڕایگەیاند، "گەمارۆی دەریایی بەسەر گەروی هورمزدا دەسەپێنینو ڕاوەدوی ئەو کەشتییانەش دەنێین کە باج بەئێران دەدەن".
ئەو هەڕەشەیە تەنها قسە نەبوو؛ فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا سێنتكۆم کاتژمێری سفری دیاریکرد، ڕۆژی دوشەممە، کاتژمێر 10ی بەیانی بەکاتی واشنتۆنو 5ى ئێواره بهكاتى ههرێمى كوردستان، دەروازەی بەندەرەکانی ئێران بەڕوی جیهاندا دادەخرێن.
سەرەڕای ئەو ئاڵۆزییە، ترەمپ پەنجەرەیەکی بچوکی بۆ دیپلۆماسی هێشتوەتەوەو دەڵێت، "ئێرانییەکان مێزی گفتوگۆیان جێنەهێشتوەو پێشبینیدەکەم بگەڕێنەوە"، بەڵام ڕاپۆرتەکانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژە بەوەدەکەن، پنتاگۆن خەریکی تاووتوێکردنی لێدانی سنوردارە بۆسەر ئێران تاناچاری بکەن پاشەکشە بکات.
ئێستا جیهان چاوی لەگەروی هورمزە، ئایا ئێران لەژێر فشاری گەمارۆ دەریاییەکەدا دەچەمێتەوەو دەستبەرداری خەونە ئەتۆمییەکانی دەبێت؟ یان ناوچەکە بەرەو ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەربازیی گشتگیر دەچێت کە کەس نازانێت کەییو چۆن کۆتایی دێت؟، وەک ئیسماعیل بهقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، "ڕێگەی دیپلۆماسی دانەخراوە،" بەڵام کاتژمێری سێنتکۆم زۆر بەخێرایی لێدەدات.
