له‌باره‌ى قەڵا نادیارەکەی ئاسمان لەقووڵایی چیاکانی ئێراندا چى ده‌زانیت؟

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1745 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سوپای ئێران بەڕەسمی بنکەی (عەقاب 44)ی وەک یەکەم بنکەی ئاسمانیی ژێرزەمینیی وڵاتەکە ڕاگەیاند کە توانای حەواندنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی هەیە لەقووڵایی چەندین مەتر لەژێر زەویدا، سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن، ئەمشارە سەربازییە کە بەموشەکی دورمەوداو وردپێک پڕکراوە، لەچوارچێوەی ستراتیژیی بەرگریی ناچالاکدا بۆ پاراستنی هێزی ئاسمانی لەهێرشی ئەتۆمی‌و بۆمبە قورسەکان دروستکراوە، هەنگاوێک کە چاودێرانی سەربازیی بەهەوڵێکی تاران بۆ پاراستنی توانای کاردانەوەی ئاسمانی لەئەگەری پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیلدا ناوی دەبەن.


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان پێكردوه‌، ئه‌و هەنگاوه‌ى تاران، بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێزه‌ لەناوچەکەداو ئەمەش تەنها کۆگایەکی سادە نییە، بەڵکو شارێکی تەواوی سەربازییە لەقووڵایی سەدان مەتر لەژێر زەویی‌و لەناوجەرگەی چیاکانی ئێراندا هەڵکەندراوە کە ئامانج لێی پاراستنی توانای هێرشبەریی ئاسمانییە لەکاتی توندترین پێکدادانەکاندا.

وه‌كو ئاشكراكراوه‌، بنکەکە بەجۆرێک دیزاینکراوە کە بەرگەی بەهێزترین بۆمبە قەڵاشێنه‌كانیش بگرێت، چونكه‌ چینە ئەستورەکانی بەردو کۆنکرێت ڕێگریی لەوەدەکەن تەنانەت هێرشی ئەتۆمیش بنکەکە پەکبخات، هاوكات ئەوشارە تەنها ڕێڕەوی فڕینی تێدانییە، بەڵکو کۆگای گەورەی سوتەمەنی، کارگەی چاککردنەوەی فڕۆکە، ناوەندی فەرماندەیی‌و کۆنترۆڵ‌و هۆڵی نیشتەجێبونی سەربازانی تێدایە.

ئه‌وه‌ش باسكراوه‌، یەکێک لەخاڵە هەرە مەترسیدارەکانی ئەم بنکەیە، توانای فڕینی کتوپڕە لەناو قووڵایی زەوییەوە، فڕۆکە جەنگییەکان بەموشەکی دورمەوداو وردپێک پڕدەکرێن‌و لەڕێڕەوە پارێزراوەکانەوە دەفڕن، بێئەوەی ڕادارەکان، پێشوەختە هەستی پێبکەن، هه‌روه‌ها لەکاتی ناساندنیدا، فڕۆکەی جەنگی جۆری (F-4 Phantom) نیشاندراون، بەڵام چاودێران ئاماژە بەوەدەکەن، قەبارەی تونێلەکان‌و دیزاینەکەی بەوردی بۆ وەرگرتنی فڕۆکە پێشکەوتوەکانی وەک (Su-35)ی ڕوسی ئامادەکراوە.

چاودێران پێیانوایه‌، دروستکردنی ئەو بنکەیە پەیامێکی ڕاشکاوە کە تێکشکاندنی هێزی ئاسمانی ئێران لەڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە کارێکی ئەستەمە، ئەمەش بەتەواوی حیساباتی باڵادەستی ئاسمانیی ئەمریکای لەناوچەکەدا ئاڵۆزکردوەو بنکەكە گرەنتی ئەوەدەکات کە تەنانەت ئەگەر هەموو بنکە ئاسمانییەکانی سەر زەوی ئێران لەناوبچن، هێشتا (عەقاب 44) دەتوانێت فڕۆکە ڕەوانە بکات بۆ هێرشی پێچەوانە.

هه‌روه‌ك شرۆڤه‌كاران جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌، (عەقاب 44) گوزارشتە لەستراتیژییەکی نوێی سەربازیی کە تێیدا زەوی دەبێتە قەڵایەک بۆ ئاسمان، ئەم شارە ژێرزەمینییە نیشانەی ئەوەیە کە کێبڕکێی سەربازیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چوەتە قۆناغێکی نوێی قووڵاییەکی مەترسیدارەوە.