شارپرێس:
لەپەرەسەندنێکی کتوپڕدا کە ئاماژەیە بۆ تێکچونی باری ئهمنیى لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، فەرماندەیی باڵای سەربازیی کەنەدا هۆشدارییەکی توند ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکاتو داوای ئامادەباشی تەواو بۆ شەڕێکی گشتگیر دەکات.
ژەنەڕاڵ جێنی کارینیان سەرۆکی دەستەی ئەركانی بەرگریی کەنەدا لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ژینگەی ستراتیژی جیهان گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەسەرداهاتوە، چیتر ئاشتی بەمسۆگەر نازانرێتو وڵاتەکەی ئهویش پلانی پێنج ساڵەی بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هێزە چەکدارەکانى دەستپێکردوە.
ئەم لێدوانانە هاوکاتن لەگەڵ چەند پێشهاتێکی دیكهى جیهانی وهكو گرژییە دەریاییهكان ئهویش بڕیاری واشنتۆن بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی لەناوچە هەستیارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بوەتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی وزەو شڵەژانی بازاڕەکان، خەرجییە سەربازییەکان كه حکومەتی کەنەدا بودجەی بەرگریی بۆ 2٪ی بەرهەمی ناوخۆیی زیادکردوە، بەئامانجی دروستکردنی سوپایەکی یەدەگی مەدەنی کە ژمارەیان دەگاتە 300 هەزار کەس، لهگهڵ ململانێی جەمسەرەکان، وهك زیادبونی چاودێرییە سەربازییەکان لەناوچەی جەمسەری باکور (ئارکتیک) کە وەک بەرەیەکی نوێی ڕوبەڕوبونەوە لەنێوان ناتۆو ڕوسیا دەبینرێت.
چاودێران پێیانوایە، ئەم لێدوانە فەرمییانە تەنها هۆشداریی نین، بەڵکو ئاماژەن بۆ دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لەشەڕی سارد کە ڕەنگە ڕاستەوخۆ کاربکاتەسەر ئاسایشی خۆراکو وزە لەهەموو جیهاندا.
لەئێستادا، وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکای باکور لەحاڵەتی چاوەڕوانیدان بۆ هەر کاردانەوەیەکی پێچەوانە لەلایەن بەرەی نەیارەوە.
