شارپرێس:
لەگەڵ بڕیارە کتوپڕەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا، ناوچەی کەنداوو گەرووی هورمز چونەتە قۆناغێکی مەترسیدار کە هەڕەشەی هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر لەدەریای کراوەدا دەکات، ئەم پەرەسەندنە تەنها ململانێیەکی سەربازی نییە، بەڵکو لەرینەوەی توندی خستوەتە بازاڕەکانی جیهانو نرخی نەوتی بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزکردوەتەوە.
شکستی دیپلۆماسیو دەستپێکی گەمارۆ
دوای ئەوەی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لەنێوان جی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکاو محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بەهۆی ناکۆکی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی شکستیهێنا، واشنتۆن بژاردەی "گەمارۆی گشتگیر"ی هەڵبژارد، سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕێگریی لەهەر کەشتییەک دەکەن کە بەرەو بەندەرەکانی ئێران بچێت یان لێی بێتە دەرەوە.
کاردانەوەی تاران.. "ئەمنییەت بۆ هەموان یان بۆ هیچ کەس"
ئێران ئەم هەنگاوەی بە"چەتەیی دەریایی" ناوبردو هۆشداریدا کە ڕێگەنادات هیچ "کەشتییەکی دوژمن" بەگەروەکەدا تێپەڕێت، پەیامی تاران ڕونبوو وتى، "ئەگەر ئێران نەتوانێت نەوتەکەی بفرۆشێت، ئەوا ڕێگریی لەهەناردەی نەوتی وڵاتانی دیکەش دەکات". ئەمەش گەروی هورمز (کە یەک لەسەر پێنجی وزەی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت) دەکاتە مەیدانی جەنگ.
بومەلەرزە لەبازاڕی وزەدا
هەر لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵەکە، بازاڕەکانی جیهان توشی شۆک بون، بهشێوهیهك نەوتی برێنت بەڕێژەی 9.1٪ بەرزبوەوەو گەیشتە نزیکەی 104 دۆلار، هاوكات گازی سروشتی لەئەوروپا بەڕێژەی 18٪ هەڵکشا، کۆمپانیاکانی پاڵاوتنیش لەجیهاندا کەوتونەتە کێبڕکێیەکی شێتانە بۆ دەستکەوتنی نەوتی خاو پێشئەوەی گەمارۆکە کارایی تەواوەتی هەبێت.
ستراتیژیی "هێورکردنەوە لەڕێگەی پەرەپێدانی گرژیی"
ترەمپ هەمان مۆدێلی "ڤەنزوێلا" بەرامبەر ئێران بەکاردێنێت؛ توندکردنی گەمارۆ بۆ ناچارکردنی لایەنی بەرامبەر بۆ تەسلیمبون، بەڵام شارەزایان هۆشداریدەدەن کە ئەمە لەگەڵ ئێران "یارییەکی پڕ مەترسییە"، چونکە، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لەژێر هەڕەشەی درۆنو موشەکە دەریاییەکانی ئێراندان، ههروهها ئەگەری هەیە حوسییەکانی یەمەن (هاوپەیمانی ئێران) جموجۆڵەکانی دەریای سور پەکبخەن، هاوپەیمانانی وەک بەریتانیاو ژاپۆن ئامادەنین بەشداریی سەربازیی لەم گەمارۆیەدا بکەن.
فاکتەری چین
چین وەک گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێران، لەم هاوکێشەیەدا بێدەنگ نابێت، چاودێران پێیانوایە، پەکین دەتوانێت لەڕێگەی فشارخستنەسەر بازاڕی "کانزا دەگمەنەکان" (کە ئەمریکا پێویستی پێیەتی)، وەڵامی ترەمپ بداتەوە.
جیهان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ یان دیپلۆماسی لەکۆتا ساتدا دەگەڕێتەوە، یان "گەروی هورمز" دەبێتە چەخماخەی جەنگێکی جیهانیی وزە کە کاریگەرییەکەی دەگاتە هەموو ماڵێک لەسەر ئەم زەوییە.
