شادەماری وزەی جیهان پەکیدەکەوێت

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1429 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپێشهاتێکی دراماتیکیدا کە بازاڕی وزەو ئاسایشی نێودەوڵەتی هەژاندوە، ئەمریکا بڕیاری گەمارۆدانی تەواوی جموجوڵە دەریاییەکانی گەروی هورمزیدا، ئەم بڕیارە کە وەک وەڵامێک بۆ ئاڵۆزییەکانی ئێران دێت، گەروەکەی بەتەواوی لەجوڵەی بازرگانیی پەکخستوە.


بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی CNN، ئەمریکا ئەم هەنگاوە وەک جەنگێکی ئابوریی دەبینێت‌و به‌گوێره‌ى یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی دەستبەسەرداگرتنی هەر کەشتییەک دەداتە خۆی کە گومانی قاچاخی بۆ ئێران لێبکرێت.

جەیمس ستافریدس ئەفسەری خانەنشینی ئەمریکی، پلانە سەربازییەکە بەمشێوەیە دەخاتەڕوو، جێگیرکردنی دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگر لەنزیک ناوچەکە بۆ دەستوەردانی خێرا، 12 کەشتیی جەنگی لەدەرەوەی گەروەکە ئەرکی چاودێریی‌و ڕێگرییان پێسپێردراوە، هێزی تایبەتی (10 بۆ 14 سەرباز) ئامادەن بۆ چونەسەر هەر کەشتییەک کە سەرپێچی بکات، تەنانەت فەرمانی ژێرئاوخستنیش لەئارادایە ئەگەر کەشتییەکان گوێڕایەڵی ئاگادارکردنەوەکان نەبن.

چاودێران پێیانوایه‌، ئەم گەمارۆیە تەنها لێدان نییە لەئێران، بەڵکو هەڕەشەیە بۆسەر ئابوری جیهان‌و ئامارەکانیش مەترسییەکە نیشاندەدەن كه‌ بریتین له‌ 20٪ی نەوتی بەکارهاتوی جیهان (نزیکەی 21 ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا) لەم گەروەوە تێدەپەڕێ، 25٪ی گازی سروشتی جیهان لەم ڕێڕەوەوە دەگوازرایەوە، ڕۆژانە 30 کەشتیی زەبەلاح لەم شاڕێیەدا هاتوچۆیان دەکرد، بەڵام ئێستا جموجوڵ بەتەواوی وەستاوە.

شارەزایان هۆشداریدەدەن کە بەردەوامیی ئەم دۆخە نەک هەر نرخی سوتەمەنیی لەجیهاندا دەگەیەنێتە ئاستێکی پێوانەیی، بەڵکو دەبێتە هۆی پەککەوتنی زنجیرەی دابینکردنی کاڵاکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، گەروی هورمز کە پێشتر شادەماری وزە بوو، ئێستا بوەتە مەیدانی جەنگ‌و جیهان بەنیگەرانییەوە چاوەڕێی ئاکامەکانی ئەم توندبونەوەیە دەکات.

بەپەلە