گەمارۆدانی گەرووی هورمز چ زەبرێک لە ئابووریی ئێران دەدات ؟

ڕاپۆرت

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 203 جار خوێندراوه‌ته‌وه



وەرگێڕانی لە فارسییەوە/ حەمەدەمین سلێمان .
سەرچاوە/ یورونیوز فارسی .

«لە دوای بڕیاری ترامپ بۆ دەستپێکردنی گەمارۆدانی گەرووی هورمز، هێزەکانی سەنتکۆم لە کاتژمێر ١٧:٣٠ی ڕۆژی دووشەممە بە کاتی تاران، گەمارۆدانی هاتووچۆی دەریایی بۆ هەموو بەندەرەکانی ئێران لە کەنداوی فارس و دەریای عومان دەستپێکرد . بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆربەی هەناردەکردنی ئێران لە ڕێگەی ئەم بەندەرانەوە ئەنجام دەدرێت، ئەم گەمارۆیە چ زیانێکی ئابووری بە ئێران دەگەیەنێت ؟

«میعاد مەلەکی، بەرپرسی باڵای پێشووی بەشی گەمارۆکان لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و توێژەری باڵای  "بنیادی بەرگری لە دیموکراسییەکان" ، لە شیکردنەوەیەکدا زیانی سەرچاوە گرتووی ئەم گەمارۆ دەریاییەی بۆ سەر ئابووریی ئێران، ڕۆژانە بە نزیکەی ٤٣٥ ملیۆن دۆلار خەمڵاندووە .

بەڕێز مەلەکی نووسیویەتی: گەمارۆی دەریایی تەنگەی هورمز لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، ڕۆژانە نزیکەی ٢٧٦ ملیۆن دۆلار بەهۆی لەدەستدانی هەناردەکردنەوە زیان بە ئێران دەگەیەنێت . هەروەها ئەم گەمارۆیە ڕۆژانە ڕێگری لە ١٥٩ ملیۆن دۆلار هاوردەکردن دەکات، کە بە گشتی دەبێتە هۆی زیانی ٤٣٥ ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا، یان ١٣ ملیار دۆلار لە مانگێکدا بۆ سەر ئابووری ئێران .

بە گوتەی ئەم شرۆڤەکارە، زیاتر لە ٩٠٪ی بازرگانی ساڵانەی ئێران کە بڕەکەی ١٠۹,٧ ملیار دۆلارە، لە ڕێگەی کەنداوی فارس ئەنجام دەدرێت . نزیکەی ٨٠٪ی داهاتی حکوومەت لە هەناردەکردنی کەرتی نەوت و گاز دابین دەکرێت، کە ئەمەش یەکسانە بە ٢۳,٧٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی . لەم نێوەندەدا، نزیکەی ٥٣ ملیار دۆلار لە داهاتی وڵات تەنیا لە ڕێگەی "دوورگەی خارک"ـەوە بەدەست دێت .

هەناردەکردنی نەوتی خاو

بە گوتەی بەڕێز مەلەکی، ئێران ڕۆژانە ١.٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هەناردە دەکات و بە هەژمارکردنی نرخی نەوت لە کاتی جەنگدا کە ٨٧ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، ڕۆژانە ١٣٩ ملیۆن دۆلار لەو ڕێگەیەوە داهات بەدەست دەهێنێت .

بەپێی ڕاپۆرتەکان، زیاتر لە ٩٠٪ی نەوتی ئێران لە ڕێگەی تێرمیناڵەکانی جێگیر لە دوورگەی خارکەوە هەناردە دەکرێت. ئەم دوورگەیە لە قووڵایی کەنداوی فارسدایە و هیچ جێگرەوەیەکی گونجاوی بۆ نییە. لە ئەنجامدا، گەمارۆی دەریایی تەنگەی هورمز لەلایەن ئەمریکاوە، لەوانەیە لە شەوێکدا ئەم داهاتە لەناوبەرێت .

بەهەمان شێوە، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەمە لەو کاتەدا دێتە دی ئەگەر گەمارۆدانی گەرووی هورمز لەلایەن ئەمریکاوە ببێتە هۆی ڕاگرتنی تەواوەتیی هەناردەکردنی نەوتی ئێران. بە وتەی شرۆڤەکارانی دیکە، بڕی زیانە ئەگەرەییەکانی ئێران بەستراوەتەوە بە چەندین هۆکاری جیاواز؛ لەوانە ئەوەی کە گەمارۆکەی ئەمریکا لە کاردا تا چەند توندوتۆڵ و بێ‌کەلێن دەبێت و، ئێران تا چەند دەتوانێت لە ڕێگەی تێرمیناڵی «جاسک»ـەوە کە لە دەرەوەی گەرووی هورمزدایە، هەناردەکردنی نەوتەکەی ئەنجام بدات .

هەروەها، بەپێی زانیارییەکانی دامەزراوەی "کێپلەر"، ئێران تا کۆتایی مانگی مارس نزیکەی ١٥٤ ملیۆن بەرمیل نەوتی لەسەر تانکەرە نەوتییە سەرئاوکەوتووەکانی دەرەوەی کەنداوی فارس هەیە .

لە لایەکی دیکەوە، چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە و پتر لە ۸۰٪ی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین ئەنجام دەدرێت .

دۆنگ جون، وەزیری بەرگریی چین، ڕۆژی دووشەممە چەند کاتژمێرێک دوای دەستپێکردنی گەمارۆدانی گەرووی هورمز لەلایەن ئەمریکاوە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند:
«کەشتییەکانی ئێمە لە گەرووی هورمزدا لە هاتوچۆدان. ئێمە ڕێککەوتنی بازرگانی و وزەمان لەگەڵ ئێران هەیە. ڕێز لەو ڕێککەوتنانە دەگرین و پێیانەوە پابەند دەبین، چاوەڕوانیشین خەڵکی دیکە دەستوەردان لەکاروباری ئێمە نەکەن .»

ئەو زیاتر گوتی: ئێران کۆنترۆڵی گەرووی هورموزی لەدەستدایە و ئەم ڕێگەیە بۆ ئێمە کراوەیە .

هەناردەکردنی بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان

بە وتەی بەڕێز مەلەکی، ئێران لە ٩ مانگی ساڵانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥دا، نزیکەی ١٩,٧ ملیار دۆلار، واتە ڕۆژانە نزیکەی ٥٤ ملیۆن دۆلار بەرهەمی پترۆکیمیایی هەناردە کردووە. نزیکەی تەواوی ئەم هەناردەکردنەش لە ڕێگەی تێرمیناڵەکانی "عەسەلوویە" ، "ئیمام خومەینی" و" شەهید ڕەجایی" ئەنجامدراوە، کە هەموویان دەکەونە ناوچەی گەمارۆدراوەوە .

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەناردەکردنی قەبارەیەکی لەو شێوەیە لە ڕێگەی زەمینییەوە بە کارێکی ڕێ تێچوو (شیاو) نەبینرێت، چاوەڕوان دەکرێت کە ئەم هەناردەکردنەش بە شێوەیەکی بەرفراوان کەم بکات .

بازرگانیی نانەوتی

بازرگانیی نانەوتیی ئێران لە ساڵێکدا گەیشتە ٥١,٧ ملیار دۆلار، واتە نزیکەی ڕۆژانە ١٤١ ملیۆن دۆلار. ئەگەر بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکانی لێ دەربکەین، ئەم بڕە کەمدەبێتەوە بۆ نزیکەی ٨٨ ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا؛ ئەمەش واتە ڕۆژانە ئەم بڕە کاڵایە کە پێکهاتووە لە ماددە کانزاییەکان، فلزات و چەندین کەرەستەی دیکە، لە ڕێگەی بەندەرەکانی ئێرانەوە دەگوازرێنەوە، کە لە ئەگەری سەپاندنی گەمارۆیەکی تەواوەتیدا، نزیکەی ٩٠٪ی ئەو پرۆسەیە ڕادەوەستێت .

پڕبوونەوەی کۆگاکانی نەوت

بە گوتەی بەڕێز مەلەکی، لە ئەگەری ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی ئێران، یەکێک لە بابەتە گرنگەکان پرسی کۆگاکردنی نەوت و ماوەی پڕبوونەوەی کۆگاکان .

ئەو گوتی: ئێران بە گشتی نزیکەی ٥٠ بۆ ٥٥ ملیۆن بەرمیل توانای هەڵگرتنی نەوتی لەسەر وشکانی هەیە، کە نزیکەی ٦٠٪ی ئەو ئەندازە پڕە و ئاستی توانای نزیکەی ٢٠ ملیۆن بەرمیل بەتاڵە. بە لەبەرچاوگرتنی زیادەی بەرهەمهێنانی ١,٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە لە بارودۆخی ئاساییدا هەناردە دەکرێت، ئەم توانایە لە ماوەی نزیکەی ١٣ ڕۆژدا پڕ دەبێتەوە. دوای ئەوە، ئێران ناچار دەبێت بیرە نەوتەکان دابخات .

ئەم توێژەرە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: گرنگیی ئەم بابەتە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کاتێک بیرە نەوتە پێگەیشتووەکان دادەخرێن، ئاوی ژێرەوە بە خێرایی هێرش دەکاتە ناو کۆگاکە؛ پرۆسەیەک کە پێی دەگوترێت "قووچەکیبوونی ئاو" (water coning). دڵۆپە نەوتەکان بۆ هەمیشە لە کونیلەکانی بەرد دا قەتیس دەمێنن. ئەم نەوتە ئیتر هەرگیز بەدەست ناهێنرێتەوە .

بە گوتەی ئەو، کێڵگە نەوتییەکانی ئێران لە ئێستادا ساڵانە ڕووبەڕووی پێنج تا هەشت لەسەد دابەزینی توانای بەرهەمهێنان دەبنەوە؛ هەروەها ڕاگرتنی ناچاریی بیرە نەوتەکان دەتوانێت ٣٠٠ تا ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە توانای بەرهەمهێنانی ڕۆژانە بۆ هەمیشە لەناو ببات. ئەمەش بە واتای کەمبوونەوەی هەمیشەیی ٩ تا ١٥ ملیار دۆلار لە داهاتی ساڵانەدا .