شارپرێس:
لەگەڵ چونە بواری جێبەجێکردنی
گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، گەروی هورمز بوەتە گۆڕەپانی نمایشکردنی پێشکەوتوترین
تەکنەلۆژیای سەربازیی جیهان، واشنتۆن تەنها بەکەشتی جەنگییەوە نەهاتوە، بەڵکو بەسیستمێکی
فرەچەشن هاتوە کە ئامانجی پوچەڵکردنەوەی ئەو تەڵە دەریاییانەیە کە تاران وەک کارتی
فشار بەکاریاندەهێنێت.
ئەم کەشتییانە کە بەکۆڵەکەی
خاوێنکردنەوە دادەنرێن، خاوەنی تایبەتمەندییەکی ناوازەن بۆ نمونه، پەیکەری دارو
فایبەرگڵاس: بۆ ئەوەی نەبنە نێچیر بۆ مینە موگناتیسییەکان، ئەم کەشتییانە بەجۆرێک
دروستکراون کە هیچ نیشانەیەکی موگناتیسییان نەبێت، ههروهها تەکنەلۆژیای بڕینو تەقاندنەوە،
بەبەکارهێنانی سۆناری وردو مەکینەی بڕینی کێبڵ، مینە چێندراوەکان لەقوڵایی دەردەهێننو
لەڕێگەی ئامێری کۆنترۆڵەوە لەدورەوە دەیانتهقێننهوه.
ئەمریکا شێوازی جەنگەکەی
گۆڕیوە؛ لەبری چونی ڕاستەوخۆی مرۆڤ بۆ ناو کێڵگەی مینەکان، ئێستا پشت بەسیستمی بێفڕۆکەوان
دەبەستێت، کەشتییەکانی وەک USS Canberra ڕێگە دەدەن کە
مینەکان لەدورەوە بدۆزرێنەوەو لەناوببرێن بەبێئەوەی کەشتییەکە خۆی بخاتە ناوچەی مەترسییەوە،
هێلیکۆپتەرەکانی MH-53 ڕۆڵی پاککەرەوەی
خێرا دەگێڕن، ئەمانە بەڕاکێشانی (خلیسکێنەی موگناتیسی Mark 105)،
مینی زیرەک هەڵدەخەڵەتێننو وایان لێدەکەن وابزانن کەشتییەکی گەورە لەسەریانە، بەوەش
مینەکە خۆی دەتەقێتەوە پێش گەیشتنی کەشتییەکان.
لەپشت ئامێرەکانەوە،
16 سریەی تایبەتمەند لەغەواسو شارەزایانی تەقەمەنی هەن، ئەمانە مێشکی ئۆپەراسیۆنەکەن؛
ئەگەر تەکنەلۆژیا نەتوانێت مینێکی ئاڵۆز چارەسەربکات، ئەم تیمانە بەغەواسیو سیستمی
بچوکی ژێرئاو دەستوەردان دەکەن.
ئەو خاڵە یەکلاکەرەوەیەی
کە ئەمریکا پشتی پێدەبەستێت، بەکارهێنانی نیشانەی کارۆموگناتیسی ساختەیە، لەڕێگەی
ئامێری تایبەتەوە، شەپۆلێک بڵاودەکرێتەوە کە لاسایی دەنگی بزوێنەرو کێشی کەشتییە گەورەکان
دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی مینە دەنگیو فشارییەکان یان پەستانییەکان لەشوێنێکی
چۆڵدا بتەقێنەوە.
ناردنی کەشتییەکانی وەک USS Pioneerو USS Chief لەژاپۆنەوە بۆ
کەنداو، نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا ئامادەنییە ڕێگەبدات هورمز ببێتە کێڵگەیەکی
داخراو، بەم تێکەڵە لەهێزی مرۆیی، بازدانی تەکنەلۆژییو فێڵی ئەلیکترۆنی، واشنتۆن
دەیەوێت بیسەلمێنێت کە کلیلەکانی گەروەکە هێشتا لەدەستی ئێرانییەکاندا نین.
