شارپرێس:
مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و عەبدوڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان لەبارەی ڕەوشی ئێرانەوە لە کۆبوونەوەیەکی کۆمسیۆنی دەرەوەی پەرلەمانی ئەوروپا بە بەشداری ژمارەیەک لە پارلەمانتار و کەسایەتی سیاسیی قسەیان کرد.
هیجری ئاماژەی بەوەکرد، ئێران یەک نەتەوەیی نییە، بەڵکوو پێک هاتوە لە چەندین نەتەوە لەو جوگرافیا سیاسیەدا.
ڕاشیگەیاند، ئێران وڵاتێک نییە تەنیا یەک کولتوور، یەک نەتەوە و یەک ناسنامەی هەبێت. بە درێژایی مێژوو ئەم نەتەوە و شوناسانە چەوساونەتەوە.
مستەفا هیجری دەڵێت، لە داهاتووی ئێران دیموکراسی نایێتە دی مەگەر ئەوەی مافی هەموو ئەو نەتەوانە و شوناسانە بە فەرمی بناسرێن.
لای خۆیەوە موهتەدی ڕایگەیاند، ئێرانی ئازاد ، زۆر گرنگە نە هەر بۆ خەڵکی ئێران بەڵکوو بۆ سەرتاسەری ناوچەکە و تەنانەت بۆ جیهانیش، ئەمرۆ کاتێک سەبارەت بە رژێمی ئێران قسەدەکرێت، زۆرتر بیر لە گروپی چەکدار، لە مووشەک و درۆن کە شارەکان، هۆتێل و پاڵاوگەکان و دامەزراوەکانی وزە و هەموو ناوچەکەیان داوەتە بەر پەلامار دەکرێتەوە.
دەشڵێت، قوربانی سەرەکی ئەو رژێمە هەمیشە خەڵکی ئێران خۆیان بوون. زۆر پێش ئەوەی ئەو رژێمە هێرشی مووشەکی بکاتە سەر ناوچەکە، شەڕی بە دژی خەڵکی خۆی ڕاگەیاند. ڕۆژنامەوانی ئازادی داخست. سەندیکای کرێکارییەکانی قەدەغە کرد، ژنانی بە درندانەترین شێوە سەرکوت کرد و کۆت و بەندی توندی خستە سەر ژیانیان، بەبێ هیچ هۆکار و پاساوێک، هێرشیان کردە سەر کوردستان دیمەنگەلێکی مەترسیداریان لە کوردستان دروست کرد.
