له‌ماوه‌ى 24 كاتژمێردا دوو هێرشى خوێناوى كراونه‌ته‌سه‌ر قوتابخانه‌كانى توركیا

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1520 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا قوتابیان لەناو پۆلەکاندا خەریکی چنینی خەونەکانیان بون، دەنگی گولـلە بێدەنگیی قوتابخانەیەکی شاری (کەهرەمان مەرعەش)ی لەباشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا هەژاندو ڕۆژی چوارشەممەی کردە ماتەمین.


به‌گوێره‌ى زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشبەرێک هەڵیکوتاوەتەسەر قوتابخانەی (ئایشل جالیک)ی ئامادەیی لەقەزای (ئۆنیکی شوبات)، هێرشبەرەکە سەرەتا لەحەوشەی قوتابخانەکەدا چەند فیشەکێکی بەئاسماندا تەقاندوەو دواتر بەتوڕەییەکی بێ پاساوەوە چوەتە ناو تەلاری قوتابخانەکەو دەستڕێژی گولـلەی لەقوتابیان‌و مامۆستایان کردوە.

مکورەم ئۆنلوێر والی کەهرەمان مەرعەش وتویه‌تى، "ڕوداوێکی دڵتەزێن لەیەکێک لەقوتابخانەکانمان ڕویدا؛ بەداخەوە زانیارییەکان پشتڕاستیدەکەنەوە کە جگە لەبریندارەکان، گیانلەدەستدانیش هەیە، هێشتا هۆکاری پشت ئەم تاوانە ناڕونەو لێکۆڵینەوەیەکی وردو چڕ دەستپێکردوە".

دەستبەجێ دوای بیستنی دەنگی تەقەکان، هێزە ئەمنییەکان‌و تیمە تەندروستییەکان گەیشتونەتە شوێنی ڕوداوەکەو گەمارۆی قوتابخانەکەیانداوە، لەکاتێکدا دیمەنی ترس‌و دڵەڕاوکێ باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە.

ئەم هێرشە خوێناوییە لەکاتێکدایە کە تەنها 24 کاتژمێر پێش ئێستا، هێرشێکی هاوشێوە لەپارێزگای ڕۆحا ڕویدا، ئەمەش شەپۆلێکی نیگەرانیی گەورەی لەبارەی ئاسایشی ناوەندەکانی خوێندن لەناوچەکەدا دروستکردوە.