هاوپەیمانی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی ئێران بڵاوکردەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 324 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:

هاوپەیمانی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانیان لەهەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

 

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووه، بە ئامانجگرتنی شوێنی ژیانی خەڵکی سڤیل و پەنابەران، پێشێلکردنێکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەروەها کۆنڤانسیۆنی ژنێڤە.

هەروەها  داوا لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، تەنیا بە مەحکوومکردنی ئەو هێرش و دەستدرێژییانە نەوەستن و هەنگاوی کردەیی بۆ ڕاگرتنی ئەم پەلامارانە بنێن کە هەم بێ ڕێزی و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و هەرێمە و هەم بەهێندنەگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران:
هێرش لە کاتی ئاگربەستدا، نیشانەی بنبەستی سیاسی و سپاییی رژیمی ئێرانە

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ڕای گشتی و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان!

کۆماری ئیسلامیی ئێران، جارێکی دیکە لە ڕێگەی هێرشی درۆنییەوە، سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستانی پێشێل کرد و کەمپی پەنابەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە ئامانج گرتەوە. ئەم هێرشانە کە لە کاتی ڕێککەوتنی ئاگربەستدا کران، جارێکی دیکە پەردەی لە سەر نێوەرۆکی ڕاستەقینەی ڕێژیمێک لادا کە هیچ کات بڕوای بە ئاشتی و چارەسەری سیاسی نەبووە و سەرکوت، زەبروزەنگ و تێرۆر کۆڵەکەی سەرەکیی مانەوەیەتی. ئەم پەلامارانە نەک نیشانەی هێز نین، بەڵکوو دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ڕێژیم لە حاست ئیرادەی گەلەکەمان و ئەو بنبەستە سیاسی و نیزامییەی کەوتووە، تووشی شڵەژان و ناهومێدی بووە.

بەداخەوە، لە نوێترین شەپۆلی ئەم هێرشانە بۆ سەر کەمپەکانی "ئازادی"ی حیزبی دێموکرات و "سوورداش"ی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، دوو پێشمەرگە بریندار بوون و "غەزاڵ مولان"، کچە پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، شەهید بوو.

هاوپەیمانیی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێت کە بە ئامانجگرتنی شوێنی ژیانی خەڵکی سڤیل و پەنابەران، پێشێلکردنێکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەروەها کۆنڤانسیۆنی ژنێڤە. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوا لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکا، تەنیا بە مەحکوومکردنی ئەو هێرش و دەستدرێژییانە نەوەستن و هەنگاوی کردەیی بۆ ڕاگرتنی ئەم پەلامارانە بنێن کە هەم بێ ڕێزی و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و هەرێمە و هەم بەهێندنەگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

ڕێژیمی ئێران دەبێ بزانێت کە تێرۆر، تۆقاندن و درۆنباران، ناتوانێت ئیرادەی نەتەوەیەک بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی سست بکات و ئەم هێرشانە یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستان بۆ کۆتایهێنان بە ستەمکاری و داگیرکاری بەهێزتر دەکات.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان وێڕای نوێکردنەوەی بەڵێن لەگەڵ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری ڕادەگەیەنێت کە هەتا ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلەکەمان، لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبێت.

سڵاو لە شەهیدان و سەرکەوتن بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٢٦ی خاكەلێوەی ١٤٠٥ی هه‌تاوی
(١٥/٠٤/٢٠٢٦)