شارپرێس:
لەمدواییانەدا
پرسی زیندوکردنەوەی (ئەرشیفی عوسمانی) بۆ سەلماندنی خاوەندارێتی زەوییو زار لەسوریا،
بوەتە ڕۆژەڤێکی گەرمو پڕ لەمشتومڕ، ئەوەی لەڕواڵەتدا وەک ڕێکارێکی یاساییو تەکنیکی
دەردەکەوێت، لەناوەڕۆکدا کێڵگەیەکی مینڕێژکراوە بەئامانجی سیاسیی، ئابورییو جیۆپۆلەتیکی
ترسناک.
وەزارەتی ئەوقافو
مەترسیی وەقفکردنی بازاڕە مێژوییەکان
ئەوکاتەی وەزارەتی
ئەوقافی سوریا ئاشکرایکرد، داوای تۆمارەکانی (وەقفی عوسمانی) لەدامەزراوە ئایینییەکانی
تورکیا کردوە، شەپۆلێک لەدڵەڕاوکێ بازاڕو شوێنە مێژوییەکانی سوریای گرتەوە،
بازرگانانو خاوەن دوکانە دێرینەکان دەپرسن، ئایا پاش چەندین دەیان خاوەندارێتیی،
بڕیارە موڵکەکانیان بخرێنەوە ژێر ناوی (وەقف)و لەژێر چنگیان دەربهێندرێن؟
تاپۆی عوسمانی بەرامبەر
تاپۆی سوريی؛ هەڵوەشاندنەوەی متمانە
ترسێکی ڕاستەقینە
هەیە کە بەکارھێنانی بەڵگەنامە سەد ساڵەکان ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی (تاپۆ)و
ناسنامە نوێیەکانی سوریا، ئەم سیناریۆیە تەنها کێشەیەکی یاسایی نییە، بەڵکو هەڕەشەیە
لەسەقامگیریی کۆمەڵایەتی؛ کاتێک هاوڵاتییەک دەبینێت ئەو موڵکەی باوو باپیرانی بۆی
جێماوە، بەهۆی کاغەزێکی کۆنی سەردەمی عوسمانییەوە دەخرێتە ژێر پرسیارو تانەی لێدەدرێت.
هەژمونی تورکیا..
یاسا وەک چەکێکی سیاسیی
چاودێران پێیانوایە،
ئەم بابەتە لەسنوری یاسا دەرچوەو پەیوەندیی بەستراتیژیی تورکیاوە هەیە بۆ
فراوانکردنی نفوزەکەی لەسوریا، گەڕانەوە بۆ ئەرشیفی عوسمانی لەو ناوچانەی کە تورکیا
تیایاندا باڵادەستە، وەک داگیرکارییەکی نەرم دەبینرێت کە دەیەوێت شەرعیەتێکی مێژوییو
یاسایی بداتە بونی خۆییو لایەنگرانی لەناوخۆی سوریادا.
کۆمپانیا سێبەرەکانو
توركاندنى موڵکایەتی
هەندێک شیکاری
ئاماژە بەبونی پلانێکی سیستماتیک دەکەن بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکان، باس لەوەشدەکرێت،
هەندێک لایەنو کۆمپانیای ناوخۆیی وەک ئەوانەی پەیوەستن بە(ئیكتیفا ئەلئیدلبی)،
هاوتەریب لەگەڵ بەڵگەنامە عوسمانییەکان، خەریکی کڕینو کۆنترۆڵکردنی زەوییەکانن، ئەمەش
گومانەکان زیاتر دەکات کە پرۆسەکە تەنها گۆڕینی خاوەندارێتی نییە، بەڵکو توركاندنى
ئابورییو نفوزە لەسوریادا.
هەڕەشە لەسەر
شوناسی نیشتمانیی
مەترسییەکە تەنها
گواستنەوەی موڵکایەتی نییە، بەڵکو داڕشتنەوەی پێکهاتەی ئابورییو کۆمەڵایەتی سوریایە،
بەکارهێنانی ئەرشیفێکی کۆن لەناو جەنگو ناسەقامگیریدا، تەنها یەک مانای هەیە ئهویش،
دروستکردنی چینێکی نوێ لەخاوەن موڵک کە سەر بەئەجێندا دەرەکییەکان بن، ئەمەش بۆمبێکی
چێندراوە لەژێر ئاسایشی نیشتمانیو داهاتوی سوریادا.
