درزێکی گەورە لەنێوان واشنتۆن‌و تەلئەبیب دروستدەبێت

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1526 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەوڵێکی مێژویی بۆ بڕینی چەک لەئیسرائیل شکستیهێنا، بەڵام پەیامێکی ترسناکی لەپشت بوو، لەهەنگاوێکی کەم وێنەدا، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بوو بەگۆڕەپانی ململانێیەکی توند، هەرچەندە پڕۆژەیاسای ڕاگرتنی فرۆشتنی چەک بەئیسرائیل بەهۆی دەنگی کۆمارییەکانەوە شکستیهێنا، بەڵام ژمارەکان ڕاستییەکی شۆککەر دەخەنەڕوو، سێ چارەگی دیموکراتەکان پشتیان لەسیاسەتی پڕچەککردنی ئیسرائیل کرد.


بێرنی ساندەرز سیناتۆره‌ بەناوبانگەکە بەدەنگێکی بەرز لەناو هۆڵی کۆنگرێس هۆشداریداو وتی، "بۆ ناتانیاهۆ غەززە بەس نەبوو، ئێستا لوبنانیش دەسوتێنێت، ئەو پێیوایە بەردەوامی ناردنی بۆمب‌و شۆفڵی زرێپۆش، تەنها وێرانکاریی‌و خوێنی زیاتری لێدەکەوێتەوە".

ئەوەی ئەمجارە دیموکراتە ناوەندڕەوەکانیشی هێنایەسەر هێڵ، ترسیان بوو لەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ‌و ناتانیاهۆ، بەبێ پرسی کۆنگرێس، ئەمریکا پەلکێشی ناو جەنگێکی وێرانکەر بکەن لەگەڵ ئێران، سیناتۆرەکان دەڵێن، "نابینە بەشێک لەجەنگێک کە نە ستراتیژی هەیەو نە ئامانج".

بۆ یەکەمجار لەمێژوی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات، 40 سیناتۆری دیموکرات دژی ناردنی ئەو شۆفڵانە وەستانەوە کە گەڕەکەکانی غەززەو لوبنانیان پێ تەختدەکرێت، ئەمە نیشانەی گۆڕانکارییەکی گەورەیە لەڕای گشتیی‌و سیاسیی ئەمریکادا.

لەبەرامبەردا، کۆمارییەکان بەتوندی دژی ئەم هەوڵە وەستانەوەو دەڵێن، "پشتتێکردن لەئیسرائیل، دیارییە بۆ ئێران‌و متمانەی ئەمریکا لەجیهاندا دەخاتە مەترسییەوە".

هەرچەندە چەکەکان هەر دەگەنە دەستی ئیسرائیل، بەڵام ئەم دەنگدانە سەلماندی کە چەکی سپی‌و پاڵپشتی بێ مەرجی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، چیتر وەک پێشوو نییەو لەناوخۆی واشنتۆنەوە درزی تێکەوتوە.