شارپرێس:
لەکاتێکدا ئیدارەی نوێی ئەمریکا هەوڵی جێگیرکردنی پێگەکانی دەدات، وەزارەتی
بەرگریی (پنتاگۆن) بوەتە گۆڕەپانی ململانێیەکی دەسەڵاتی بێوێنە لەنێوان بیت هیگسێس
وەزیری بەرگرییو دان دریسکۆڵ وەزیری سوپا، ئەم کێبڕکێیە تەنها کارگێڕیی نییە، بەڵکو
گەیشتوەتە ناو هۆڵەکانی کۆنگرێسو پەیوەندییە تایبەتەکانی ناو کۆشکی سپی.
کۆنگرێس دێتە دەنگ.. دریسکۆڵ هێڵی سورە
لەهەنگاوێکی دەگمەندا، یاسادانەرانی کۆمارییو دیموکرات لەئەنجومەنی نوێنەران
پشتیوانییەکی ڕەهایان بۆ (دان دریسکۆڵ) ڕاگهیاند، تۆم کۆڵ سەرۆکی لیژنەی تەرخانکردنەکان،
دریسکۆڵی بەکەسایەتییەکی گۆڕانکار وەسفکرد کە لەکاتێکی هەستیاردا سەرکردایەتی سوپا
دەکات.
چاودێرانیش پێیانوایه، ئەم پشتیوانییە وەک پەیامێکی ناڕاستەوخۆ دەبینرێت بۆ
هیگسێس کە هەر هەوڵێک بۆ لادانی دریسکۆڵ، ڕوبەڕوی بەربەستی یاساییو سیاسیی دەبێتەوە.
سێبەری جی دی ڤانسو ململانێی یێڵ
خاڵی هەرە بەهێزی دریسکۆڵ کە وایکردوە لەبەرامبەر هیگسێس خۆڕاگربێت، پەیوەندییە
نزیکەکەیەتی لەگەڵ جی دی ڤانسی جێگری ترهمپ، ئەوان هاوپۆلی زانکۆی (یێڵ) بونو دریسکۆڵ
بەیەکێک لەمتمانەپێکراوترین کەسەکانی ڤانس دادەنرێت، ئەم پارێزبەندییە سیاسییە وایکردوە
کە هیگسێس نەتوانێت بەئاسانی جێگەی پێ لێژبکات، سەرەڕای ئەوەی چەندین مانگە هەوڵی
پهراوێزخستنى دەدات.
سەربڕینی ژەنەراڵەکانو برینی مەعنەوی سوپا
گرژییەکان کاتێک گەیشتنە لوتکە کە هیگسێس بەشێوەیەکی کتوپڕو دڵڕەقانە، ژەنەراڵ
ڕاندی جۆرج سەرۆکی ئەرکانی سوپای لەکارەکەی دورخستەوە، دریسکۆڵ کە هاوڕێیەکی نزیکی
جۆرج بوو، لەبەردەم کۆنگرێسدا بەلێدوانێکی کاریگەر وتی، "منو خێزانەکەم چوینە
ماڵی ژەنەراڵو لەباوەشمان گرت، من خۆشمدەوێت"، ئەم هەڵوێستە عاتیفییە وەک تەحەدایەک
بۆ شێوازی مامەڵەی هیگسێس لێکدرایەوە.
لێدوانە تەمومژاوییەکان؛ جێبەجێکار یان جێگرەوە؟
دریسکۆڵ بەزیرەکییەکی سیاسییەوە دەڵێت، "ئێمە فەرمانەکان جێبەجێدەکەین"،
ئەمەش بۆ ئەوەی ترەمپ وا تێنەگات کە ئەو یاخییە، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن،
بەهۆی "هەڵە بەردەوامەکانی هیگسێس"، ئەگەری ئەوە هەیە ترەمپ لەئایندەیەکی
نزیکدا دریسکۆڵ بخاتە شوێنی هیگسێسو بیکاتە وەزیری بەرگریی.
پنتاگۆن ئێستا لەنێوان دوو جەمسەردایە: هیگسێس کە دەیەوێت بە "تەور"
سوپا پاکتاو بکاتو دریسکۆڵ کە وەک "پارێزەری دامەزراوەکە"و متمانەپێکراوی
جێگری سەرۆک دەردەکەوێت، دەرەنجامی ئەم شەڕەش نەک تەنها داهاتوی ئەم دوو كهسه، بەڵکو
شێوازی بەڕێوەبردنی بەهێزترین سوپای جیهان دیاریدەکات.
