دوکەڵی ماڵئاوایی.. ئەمریکا پێش کشانەوەی لەڕۆژئاوا بزانه‌ چى كرد

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5808 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەچوارچێوەی گۆڕانکارییە سەربازییەکانی ناوچەکەو جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەم، بنکەی سەربازیی (قەسرەک) لەنزیك پارێزگاى حەسەکە له‌ڕۆژئاواى كوردستان، گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆوە بینی، پەیامنێری شارپرێس لەڕۆژئاواوه‌ ئاشكرایكرد، هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان پێش چۆڵکردنی تەواوەتی بنکەکە، هەستاون بەتەقاندنەوەو لەناوبردنی بەشێکی زۆر لەئۆتۆمبێل‌و کەرەستە سەربازییەکانی خۆیان.


به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی شارپرێس، ئەم هەنگاوەی ئەمریکا بۆ ئەوەیە کە ڕێگریی بکات لەوەی هیچ هێزێکی کوردی یان سوپای سوریا سود لەو کەرەستەو تەکنەلۆژیا سەربازییانە وەربگرن کە لەدوای خۆیان جێی دەهێڵن.

ئەوکارەش هاوکاته‌ لەگەڵ سوتاندنی چەندین خاڵ‌و پێگەی ناوخۆیی بنکەکە پێش کشانەوەی کۆتا کاروانی سەربازیی کە پڕبوو لەکەرەستەی لۆجستی.

لەلایەکی دیكه‌وه‌، سەرچاوە مەیدانییەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، دوای کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی هاوپەیمانان، بنکەکە ڕادەستی فەرماندەیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتى سوپاى سوریا کراوە، پرۆسەكه‌ش لەژێر سەرپەرشتی چیا کۆبانێ جێگری فەرماندەی فیرقەی 60ی سەر بەوەزارەتی بەرگریی لەحکومەتی دیمه‌شق بەڕێوەچوه‌.

هەر دوای چۆڵبونی بنکەکە، یەکەکانی سوپای سوریا چونە ناو قەسرەک، ئەمەش وەک بەشێک لەجێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی نوێ کە ئامانجی داڕشتنەوەی پێکهاتەی سەربازیی ناوچەکەو تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)یە لەناو چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی حکومەتی نوێی سوریادا.

ئەم پێشهاتانە نیشانەی قۆناغێکی نوێن لەکۆتاییهاتنی هەژمونی سەربازیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لەو ناوچانەو گۆڕانی هاوسەنگی هێز بەرەو یەکخستنی دامەزراوە سەربازییەکانی ناوخۆی سوریا.

دیمەنه‌كانى بنکەی قەسرەک؛ لەنێوان دوکەڵی کەرەستە تەقێنراوەکانی ئەمریکاو جێگیربونی هێزەکانی فیرقەی 60، تەنها کشانەوەیەکی سەربازیی نین، بەڵکو گوزارشت لەکۆتایی سەردەمێک‌و دەستپێکی نەخشەیەکی نوێی سیاسیی دەکەن لەناوچەکەدا؛ نەخشەیەک کە تێیدا هاوپەیمانێتییە کۆنەکان لەناودەچن‌و سوپایەکی یەکگرتوی سوریا لەسەر داروپەروی بنکە چۆڵکراوەکان دوبارە خۆی ڕێکدەخاتەوە.

ئەمریکا بەسوتاندنی پێگەو تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکانی، پەیامێکی ڕونی بۆ هاوپەیمانە دوێنێ‌و نەیارەكانى ئەمڕۆی بەجێهێشت، ئەویش ئەوەیە کە کشانەوە لای واشنتۆن تەنها جێهێشتنی خاک نییە، بەڵکو سڕینەوەی هەموو ئەو شوێنپێیانەیە کە ڕەنگە هێزە ناوخۆییەکان وەک میراتێکی سەربازیی چاویان لێى بێت، ئێستاش قەسرەک لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێدایە، ئایا فیرقەی 60 دەتوانێت لەنێو ئەم وێرانەیەدا سەقامگیرییەک بونیادبنێتەوە کە ساڵانێک بوو لەژێر سێبەری هاوپەیماناندا بوو؟.