کۆبانی لەئامێزی تابوتێکدا.. چیرۆکی ئەو گەنجەی ڕێگه‌ی ماڵەوەی بەخوێن کێشا

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1201 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێگه‌کان هەمیشە بەرەو ماڵەوە ناچنەوە، هەندێکجار دەبنە داوێکی بێدەنگ کە مرۆڤ بەرەو مەرگێکی پڕ لەجەور ڕاکێش دەکەن، ئەمە کورتەی چیرۆکی ئەو گەنجە کوردەیە کە لەئێوارەیەکی ساردی مانگی کانونی دوەمدا، تەنها ویستی ڕێگه‌ی ماڵەوە بدۆزێتەوە، بەڵام لەجیاتی دڵنیایی، کەوتە ناو چنگە بێبەزەییەکانی ڕقێکی کۆن (چه‌كداره‌كانى شه‌رع).


ونبون لەناودڵی نیشتماندا
ئەو باوکی دوو کچ بوو، ئەو دوو منداڵەی کە ڕەنگە لەوساتەدا چاوەڕێی باوەشی باوکیان کردبێت، کاتێک لەدەوروبەری شارۆچکەی (سرین) ڕێگه‌ی لێ تێکچوو، نەیدەزانی کە نیشتمان بۆ ئەو بوەتە غەریبییەکی کوشندە، ئەو تەنها ڕێبوارێک بوو، نەک جەنگاوەر؛ باوکێک بوو کە قیبلەنوماکەی خیانەتی لێکرد، بەڵام بێبەزەیی مرۆڤەکان خیانەتێکی گەورەتریان لێکرد.

کرۆکی ڕوداوەکە: کاتێک ویژدان دەمرێت
تراژیدیاکە تەنها لەکوشتندا نییە، بەڵکو لەو دڕندەییەدایە کە لەساتەکانی کۆتایی ژیانیدا بەرامبەری کرا، به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکان، چەکدارانی ناوچەکە نەک هەر پەلاماریانداوە، بەڵکو بەشێوەیەکی توندوتیژ بەدارو دارلاستیک، ئازاریان داوە، دیمەنی هەرە دڵتەزێن ئەوەبوو کە قاییش-یان لەگەردنی ئاڵاندوەو لەشەقامەکانی شارۆچکەکەدا ڕایانکێشاوە، دیمەنێک کە مرۆڤایەتی لەشەرمدا دەخنکێنێت.

ئەم گەنجە، بەرلەوەی گیان بسپێرێت، بوە قوربانی ئەو ڕقە کوێرەی کە جیاوازیی نەتەوەیی‌و سیاسیی لەناوچەکەدا چاندویەتی، ئەو نەک هەر جەستەی، بەڵکو کەرامەتی مرۆڤایەتیشی لەو شەقامانەدا پێشێلکرا.

کۆتاییەکی غەمگین‌و گەڕانەوەیەک لەناو تابوتدا
دوای چەندین ڕۆژ لەبێسەروشوێنی، دواجار جەستەی ماندوو و شێوێندراوی گەڕایەوە بۆ باوەشی خاکی کۆبانێ، گەڕانەوەیەک کە نە بۆنی باوەشی باوکی تێدابوو بۆ کچەکانی، نە ئومێدێکی بۆ داهاتوو هێشتەوە، پرۆسەی گۆڕینەوەی تەرمەکان لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات‌و لایەنەکانی دیكه‌، تەنها ڕاستییەکی تاڵمان پێدەڵێت: کە مرۆڤ لەم جەنگەدا بوەتە تەنها ژمارەو کاڵایەک بۆ مامەڵە.

چیرۆکی ئەم گەنجە، چیرۆکی نەتەوەیەکە کە لەسەر ڕێگه‌ی ونبودا باجی قورس دەدات، سرین-یش تەنها گەواڵەی گواستنەوەی تەرمێک نەبوو، بەڵکو گەواڵەی مردنی ویژدانی مرۆیی بوو لەسەردەمێکدا کە ڕق لەعەقڵ‌و بەزەیی بەهێزترە.

بزانن چى ڕویداوه‌!!
چالاکوانانی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەسوریا، تاوانێکی کوشتنی ترسناکیان دۆکیومێنت کردوە کە گەنجێکی کورد لەشارۆچکەی سرین لەگوندەواری کۆبانی بوە قوربانیی، ڕوداوەکە لە 18ی کانونی دوەمی ڕابردوو ڕویداوەو ڕەنگدانەوەی هەڵکشانی توندوتیژیی‌و بێسەروبەریی ئەمنییە لەناوچەکەدا.

به‌گوێره‌ى زانیارییەکان، ئەو گەنجە کە باوکی دوو کچە، لەناو شارۆچکەی سرین ڕێگەی لێ تێکچوە، پێشئەوەی لەلایەن چەکدارانی سەر بەعەشرەتەکانەوە هێرشی بکرێتەسەر، سەرەتا بەدار لێی دراوەو پاشان بەقایش گەردنی بەستراوەتەوەو لەناو شەقامەکانی شارۆچکەکەدا ڕاکێشراوە لەدیمەنێکی زۆر دڕندانەدا، ئەمەش بوەتە هۆی گیانلەدەستدانی بەهۆی ئەو برینانەی له‌جه‌سته‌ى دروستبوبون.

به‌گوێره‌ى سەرچاوەکان، تەرمی گەنجەکە سێشەممەى هه‌فته‌ى ڕابردوو ڕادەستی کەسوکاری کرایه‌وه‌، ئەمەش لەچوارچێوەی پرۆسەیەکی گۆڕینەوەی دیل‌و تەرمەکاندا بوە کە لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و حکومەتی دیمه‌شق لەشاری کۆبانێ بەڕێوەچوو.