سێنتكۆم ئاماری ڕێگریكردن لەكەشتییە نەوتهەڵگرەكان ئاشكرادەكات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 147 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لەچوارچێوەی گەمارۆ دەریاییەکانی بۆ سەر ئێران ڕایگەیاند، هێزەکانیان لەدەریای عەرەب رێگرییان لەچەندین کەشتی کردوەو دەشڵێت، 23 كەشتی نەوتهەڵگر گەڕێندراونەتەوە.


سێنتکۆم لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، کەشتیی جەنگیی ئەمریکی (USS Canberra) لەکاتی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکادا، لەدەریای عەرەب دەسوڕێتەوە. ئاماژەی بەوەش کردوە،"لەسەرەتای دەستپێکردنی گەمارۆکەوە، 23 کەشتی پابەندی رێنماییەکانی هێزەکانی ئەمریکا بوون بۆ ئەوەی رێڕەوی خۆیان بگۆڕن و بگەڕێنەوە."
 
سێنتکۆم جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لەجێبەجێکردنی گەمارۆیەکی دەریایی بەسەر ئەو کەشتییانەی دەچنەناو بەندەرو ناوچە کەناراوییەکانی ئێران، یان لەو ناوچانەوە دەردەچن.
 
لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکانیدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا باس لەڕەوشی گەروی هورمز دەکات و ئاشكرایدەكات،، ڕۆژی 17ی نیسان، هێلیکۆپتەرەکانی جۆری ئاپاچی (AH-64) بەسەر تەنگەی هورمزدا فڕیون.
 
سێنتکۆم ڕوونیشیکردوەتەوە،"سەربازانی سوپای ئەمریکا لەناو تەنگەکە و دەوروبەریدا دەفڕن و ئامادەییەکی بەرچاویان هەیە، ئەمەش پاڵپشتییەکە بۆ ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە ناوچەکەدا".
ئەم وتاتەی سێنتكۆم لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ ئێران جارێكی دیكە گەروی هورمزی داخستەوەو لەئێستا تەقە لەدوو كەشتی كراوە.

بەپەلە