شارپرێس:
ڕاوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری توند دەدات و دەڵێت، وڵاتەکەی هێشتا هێزە سەرەکییەکانی و کارتە براوەکانی نەخستوەتە ناو مەیدانی جەنگەوەو ئەوەش ئاشكرادەكات، كە ئەگەر جەنگ دەستپێبکاتەوە نەوەیەکی نوێی چەک و موشەکی مۆدێلی نوێ بەکاردەهێنین، کە مانگی ڕابردوو بەرهەم هێنراوە.
سەردار محەممەد ڕەزا نەقدی، ڕاوێژکاری فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران، ڕایگەیاند، ئەگەر ئاگربەستەکە کۆتایی بێت و جەنگ دەستپێبکاتەوە، ئێران نەوەیەکی نوێی چەک بەکاردەهێنێت، کە مێژوی بەرهەمهێنانیان ئاداری 2026ـە".
ڕاوێژکارەکەی سوپای پاسداران جەختی کردەوە، باڵادەستی ڕاستەقینەی ئێران لەهێزی وشکانییەکەی دایە کە هێشتا نەهاتوەتە ناو مەیدانەکەوە".
سەبارەت بەبانگەشەکانی ئەمریکا بۆ پێکانی سەکۆکانی هاویشتنی موشەک، نەقدی بە گاڵتەجاڕییەوە وتی،"ئێمە لەهەر ئاسنگەرییەکدا دەتوانین سەکۆی هاویشتنی موشەک بەرهەم بهێنین".
نەقدی گومانی خستە سەر وتەکانی بەرپرسانی ئەمریکا سەبارەت بەتێکشکاندنی هێزی دەریایی ئێران و وتیشی،" ئەگەر ڕاست دەکەن و هێزی دەریایی ئێران تێکشکاوە، ئەی بۆچی ناتوانن گەروی هورمز بەڕوی کەشتییەکاندا بکەنەوە؟".
سەردار نەقدی لەلێدوانەکەیدا هێرشی توندی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ و ڕاشیگەیاند کە سەرۆکی ئەمریکا ناتوانێت لەرێگەی دانوستانەکانەوە فێڵ لەگەلی ئێران بکات، ئێمە کارتی براوەی زۆر گرنگمان لەبەردەستە کە هێشتا نەمانخستونەتە ناو یارییەکەوە".
ئەم هۆشدارییەی سوپای پاسداران لەكاتێكدایە، پێشتر ئاژانسی فارس نیوزی لەزاری بەرپرسێکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە کە بەهۆی ئامادەکاری بۆ جەنگێکی درێژخایەن، تاران تا ئێستا ئەو موشەکانەی بەکارهێناوە کە نەوەی نوێنی چەكەكانین.