سوپای پاسداران بەرپرسیارێتی شه‌هیدكردنى پێشمه‌رگه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى گرتە ئەستۆ

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1479 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپەلامارێکی نوێی "درۆنی"و موشەکیدا بۆسەر هەرێمی کوردستان، سوپای پاسدارانی ئێران بەفەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە ڕاگەیاند کە کرانەسەر بارەگاو کەمپی نیشتەجێبونی حزبه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان لەسنوری پارێزگاكانى هه‌ولێرو سلێمانى.


فەرماندەیی (حەمزەی سەیدولشوهەدا)ی سەر بەهێزە زەمینییەکانی سوپای پاسداران لەبەیاننامەیەکدا جەختیکردوەتەوە، بەفەرمانی ئەوان‌و لەڕێگەی درۆنی وردپێکەوە، حەشارگەی هێزەکانی (حزبی دیموکرات) لەناوچەکانی (جه‌ژنیکان)‌و (بالیسان)‌و له‌هه‌ولێرو (سورداش) له‌سلێمانى کراونەتە ئامانج.

به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى سوپاى پاسداران، ته‌نها ئاماژه‌ به‌شه‌هیدانى كه‌مپه‌كه‌ى حزبى دیموكرات كراوه‌و نوسیویه‌تى، لەو هێرشه‌دا سێ کەس کوژراون‌و پێنجى دیکەش برینداربون.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ناوخۆییەکان‌و بەرپرسانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، دیمەنێکی تراژیدیتر دەخەنەڕوو، له‌و ڕوه‌وه‌ کەریم پەروێزی ئەندامی دەفتەری سیاسیی ئەو حزبە وتویه‌تى، "قوربانییەکانی ئەو په‌لاماره‌ تەنها پێشمەرگە نەبون، بەڵکو خوێنی منداڵێکی بێتاوان‌و دوو پێشمەرگە لەکەمپەکانی جه‌ژنیکان‌و بالیسان ڕژاوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە کە باس لەوەدەکرێت، کەمپەکان لەدوای لێکتێگەیشتنەکانی ئێران‌و ئەمریکاو ڕاگه‌یاندنى ئاگربه‌ست، زیاتر لە 20 جار ڕوبەڕوی په‌لامارى لەو شێوەیە بونەتەوە.

هاوکات، کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کردوه‌و ئاماژەی بەوەداوه‌، کەمپی سورداش‌و ناوچە ئامانجکراوەکانی دیکە، شوێنی مەدەنیین‌و لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراق‌و حکومەتی هەرێمەوە بەفەرمی ناسێندراون.

ئەو شەپۆلە نوێیەی په‌لاماره‌كانى ئێران، جارێکی دیکە سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستانی خستوەتە ژێر پرسیارو ترس‌و دڵەڕاوکێی لەنێو خێزانە پەنابەرەکاندا دروستکردوە، لەکاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەنها بەچاودێریکردنی دۆخەکە بێدەنگە.