​موجتەبا خامنەیی چۆن پەیوەندیی بە سوپای پاسدارانەوە دەکات؟

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 658 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:
بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز کە پشتی بە سەرچاوەی ئاگادار بەستووە، دۆخی موجتەبا خامنەیی دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتدا، گۆشەگیرییەکی توندی بەخۆیەوە بینیوە. 

سەرچاوەکان بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، بەهۆی ترسی بەردەوامی تاران لە ئیسرائیل و هەوڵەکانی بۆ دیاریکردنی شوێنی ناوبراو بە ئامانجی تیرۆرکردنی، سەرکردەکانی سوپای پاسداران و بەرپرسانی باڵا خۆیان لە سەردانکردنی بەدوور دەگرن، بەجۆرێک ئێستا بازنەی پەیوەندییەکانی زۆر سنووردارە و تەنها کەسانی وەک مەسعود پزیشکیانی سەرۆککۆمار و وەزیری تەندروستی مافی چاودێریکردنی دۆخی ناوبراویان هەیە.

ئەوەش هاتووە: لە ماوەی ڕابردوودا، خامنەیی لە هیچ دەرکەوتنێکی ڤیدیۆیی یان دەنگیدا نەبووە و تەنها لە ڕێگەی بەیاننامەی نووسراوەوە پەیامەکانی بڵاودەکاتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی لەم دۆخە هەستیارەدا بە لاواز یان بێدەسەڵات نەیەتە بەرچاو.

باس لەوەش دەکرێت،  لە پێناو پاراستنی ئەمنییەتدا، پەیامەکان بە دەست دەنووسرێن و لە ڕێگەی زنجیرەیەک نێوەندگیری متمانەپێکراو و بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل بە ڕێگا لاوەکییەکاندا دەگوازرێنەوە بۆ حەشارگەکەی.

بەوتەی رۆژنامەکە، لە ئاستی ناوخۆییدا، فشاری لایەنگرانی حکومەت بۆ دەرکەوتن یان قسەکردنی ڕاستەوخۆی خامنەیی زیادی کردووە، بەتایبەت لەسەر پرسی دانوستانەکانی ئەمریکا، ئەمەش دوای ئەوە هات کە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە باسی کردنەوەی گەرووی هورمزی کرد، کە کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا.

 لە بەرامبەردا، سوپای پاسداران بە فەرمی ڕایگەیاند کە گەرووەکە هێشتا بۆ کەشتییە سەربازییەکان داخراوە، ئەمەش نیشانەی قوڵبوونەوەی جیاوازی هەڵوێستەکانە لە ناو دەسەڵاتی ئێراندا لەم قۆناغە پڕ لە ئاڵنگارییە ئەمنیی و سیاسییەدا.


بەپەلە