شارپرێس:
لەکاتێکدا بەرپرسانی حکومەتی ئێران وێنەیەکی ئاسایی لەدۆخی وڵاتهكهیان پیشاندەدەن، بەڵام هاوڵاتیان لەڕێگەی نامەو گرتە ڤیدیۆییەکانەوە بۆ میدیاکان، وێنای دۆخێکی "کارەساتبار" دەکەن.
لەنوێترین پەیامدا کە گەیشتوەتە دەست میدیاکان، هاوڵاتییەک لەناوخۆی ئێرانەوە دەڵێت، "دۆخی وڵات زۆر مەترسیدارە، بەپێچەوانەی ئەوەی بەرپرسان دەیڵێن، وڵات بەرەو وێرانبون دەچێت".
ئەو هاوڵاتییە وەک ئاماژەیەک بۆ گرانیی تاقەتپڕوکێن دەڵێت، تەنها پارچە نانێک گەیشتوەتە حهوت هەزار تومەنو تەنانەت کیسەی نایلۆنی ناو نانەواخانەکانیش بەدەگمەن دەستدەکەون.
بەرزبونەوەی نرخی نان بۆ ئاستی چەند هێندە، فشارێکی گەورەی خستوەتەسەر خێزانە کەم دەرامەتەکان کە نان سەرەکیترین سەرچاوەی بژێوییانە، بەهۆی سزاکانو کێشەی کارگەکانی پترۆکیمیاوییەوە، وڵات توشی کەمیی توندی مادە پلاستیکییەکانو نایلۆن بوە، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر پاکەتکردنو دابەشکردنی خۆراک هەبوە.
شارەزایان پێیانوایە، ئەمجۆرە پەیامانە نیشانەی بێئومێدییەکی قوڵە لەچاکسازییە ئابورییەکانی حکومەت، ئەم دۆخە لەکاتێکدایە کە هەڵاوسان لەئێراندا ڕیکۆردی نوێی شکاندوەو بەهای تومەن بەرامبەر دۆلار لەنزمترین ئاستدایە، ئەمەش وایکردوە کڕینی سادەترین پێداویستییەکانی ژیان بۆ زۆرینەی خەڵک ببێتە خەون.
