دانوستان بۆ بەڕێوەبردنى قەیران

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 32 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شیکارییەک بۆ ڕەوتی ئیدارەدانی دانوستانەکان لە لایەن ترامپەوە
بەختیار ئەحمەد ساڵح
پێشەکی
پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئاڵۆزترین پەیوەندییەکانی سیستمی نێودەوڵەتیی هاوچەرخدایە، کە لەگەڵ ڕەهەندە جیۆپۆلەتیکی، ئەمنی، ئایدۆلۆژی و ئابوورییەکاندا ئاوێتەی یەکتر بوون. لەدوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٨، ئەم پەیوەندییە چووەتە قۆناغێکی نوێی گرژییەوە، کە تایبەتمەند بوو بەسیاسەتی زۆرترین فشار کە لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکاوە پەسەندکراوە. لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانەکان لە ناوچەی کەنداو، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی وزە و ڕێگا دەریاییەکانەوە هەیە، دانوستانەکانی نێوان هەردوولا بووەتە ئامرازێکی سەرەکی، هەرچەندە سنووردار، بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکان.
ئەم نوسینە هەوڵدەدات سروشتی دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران شیبکاتەوە و دیاری بکات کە ئایا ئەم پرۆسەیە نوێنەرایەتی دیپلۆماسییەکی ڕاستەقینە دەکات کە ئامانج لێی چارەسەرکردنی ململانێکانە، یان زیاتر لە شانۆگەری سیاسی دەچێت کە ئامانجی بەڕێوەبردنی قەیرانەکەیە بەبێ گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتیی. هەروەها نوسینەکە ڕۆڵی هۆکارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، کاریگەرییەکانی پەرەسەندنی وتووێژەکان، سنووری دیپلۆماسی لەژێر سایەی هێز و ئەگەرەکانی بەدەستهێنانی سەقامگیری لە ژینگەیەکی ستراتیژی زۆر ناجێگیردا دەخاتە بەر لێکۆڵینەوە. 
یەکەم: چوارچێوەی تیۆری – دیپلۆماسی زۆرەملێیانە و شانۆگەری سیاسی
1-دیپلۆماسی زۆرەملێ: دیپلۆماسی زۆرەملێ ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی هەڕەشە یان فشاری سەربازی و ئابووری بۆ ناچارکردنی لایەنی بەرامبەر بۆ گۆڕینی ڕەفتارەکانی بەبێ ئەوەی پەنا بۆ شەڕی سەرتاسەری ببات. لە دۆسیەی ئەمریکا و ئێراندا، ئەم ستراتیژە خۆی لە سەپاندنی سزای ئابووری، گەمارۆدانی هێزی دەریایی و هەڕەشەکردن لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی خۆی دەبینێتەوە، بەڵام ئەم ڕەوتە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبێتەوە بەو پێیەی کە لایەنی بەئامانجگیراو (ئێران) خاوەنی خۆڕاگری ستراتیژیییە و پشت بە بەرپەرچدانەوەی ناتەقلیدی دەبەستێت.
2-دانوستان وەک شانۆگەری سیاسی: دانوستان هەندێک جار وەک ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی گێڕانەوەکان بەکاردەهێنرێتر و مەرج نییە بۆ بەدەستهێنانی پێشکەوتنێکی دیپلۆماسی. لەم چوارچێوەیەدا لێدوانە سیاسییەکان دەبنە بەشێک لە نمایشی شانۆیی و کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکان دەبنە ئامرازێک بۆ کڕینی کات و دانوستان دەبێتە ئامرازێک بۆ ڕێکخستنەوەی هاوسەنگی هێز.

دووەم: زەمینەی ئێستای دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران:
داتاکانی ئێستا ئاماژەن بۆ خێرابوونی هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنی خولێکی نوێی دانوستانەکان بە لەبەرچاوگرتنی نزیکبوونەوەی کۆتایی ئاگربەستەکە. ئەم پەلەکردنە ڕەنگدانەوەی دوو هۆکاری سەرەکییە: 
1-فاکتەری پێویستی: پەرەسەندنی گرژییەکان لە کەنداو، مەترسییەکانی سەر دابینکردنی وزەی جیهانی، مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازی.
2-فاکتەری ناجێگیری: نەبوونی متمانە لە نێوان هەردوولا و ئامانجە ستراتیژییە دژبەیەکەکان و ژینگەیەکی ناوچەیی ناسەقامگیر و لە ئەنجامدا دانوستانەکان لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنەوە بەرەوپێش ناچن، بەڵکو لە پێگەی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانەوە بەرەوپێش دەچن.
سێیەم: ستراتیژی ئیدارەی ترەمپ – لە نێوان فشار و کۆنترۆڵی گێڕانەوە
1-سەپاندنی چوارچێوەی دانوستان: ئیدارەی ترەمپ گوتارێکی توندی گرتۆتەبەر و دانوستانەکانی بە دوا هەل وەسف کردووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەوڵێکە بوو بۆ سەپاندنی پێشمەرج و کەمکردنەوەی مەودای مانۆڕی ئێران و دروستکردنی فشاری دەروونی و سیاسی بۆ سەر تاران.
2-گوشاری سەربازی وەک ئامرازێکی دانوستان: ئەمەش لە ڕێگریکردن لە کەشتییە ئێرانییەکان و بەهێزکردنی بوونی سەربازی لە کەنداو و هەڕەشەکانی لێدان لە ژێرخانەکاندا دەردەکەوێت.
بەڵام ئەم ستراتیژە پارادۆکسێکی لەناو خۆیدا هەڵگرتووە، تا فشارەکە زیاتر بێت، ئەگەری یەکلاکردنەوە کەمتر دەبێتەوە. 
چوارەم: هەڵوێستی ئێران – بەرەنگاربوونەوەی فشار و پاراستنی کاریگەری
ئێران هەڵوێستێک لەسەر بنەمای چەند پایەیەک دەگرێتەبەر:
1-ڕەتکردنەوەی دانوستان لەژێر فشاردا: تاران دانوستان لەژێر سزا و گەمارۆکان وەک پێدانی ئیمتیازێکی ستراتیژی دەبینێت بە ئەمریکا. 
2-پابەندبوون بە بەرنامەی ئەتۆمی: ئێران هەر ڕێککەوتنێکی درێژخایەن ڕەتدەکاتەوە کە توانا ئەتۆمییەکانی سنووردار بکات.
3-کەڵک وەرگرتن لە کارتی گوشاری ناوچەیی: لەوانەش دروستکردنی کاریگەری لەسەر گەرووی هورمز، پشتیوانی لە هاوپەیمانە ناوچەیی و توانای دروستکردنی گوشاری ناڕاستەوخۆ.
پێنجەم: ڕۆڵی هێزە ناوچەییەکان
1-تورکیا: ڕۆڵی ناوبژیوانێکی ناڕاستەوخۆ دەگێڕێت بەسوودوەرگرتن لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەردوولا و پێگە جیۆپۆلەتیکییەکەی.
2-پاکستان: هەوڵدەدان بۆ باشترکردنی وێنەی نێودەوڵەتی خۆی و گێڕانی ڕۆڵی دیپلۆماسی کارا.
ئاستەنگەکان: سەرەڕای گرنگی ئەم ڕۆڵانە، بەڵام ڕەنگە هەماهەنگییەکان ئاڵۆز بکەن و ناکۆکی بەرژەوەندییەکان ڕەنگ بدەنەوە.
شەشەم: کاریگەری گێڕانەوەکان لەسەر ئاسۆی دانوستان
گێڕانەوەی سیاسی ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە داڕشتنی ژینگەی دانوستانەکاندا:
1-هەڕەشەکانی ئەمریکا: لێدانی دامەزراوە گرنگەکان و ئەگەری پەرەسەندنی سەربازی.
2-وەڵامدانەوەی ئێران: هەڕەشەکردن بە پەرەسەندنی شەڕ و ڕەتکردنەوەی ملدان یاخود پاشەکشێ.
ئەنجام: دانوستانەکان لە ئامرازێکەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دەگۆڕدرێن بۆ ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکان.
حەوتەم: فاکتەری کات و فشاری ئاگربەست
کۆتایی هاتنی ئاگربەست دوو گوشار دروست دەکات: لە لایەک پاڵ بە لایەنەکانەوە دەنێت بۆ دانوستان و لە لایەکی دیکەشەوە، پاشەکشێیان لە خواستەکان سەختتر دەکات. ئەمەش بە پارادۆکسی کات لە دانوستانەکاندا ناسراوە.
هەشتەم: سیناریۆکان
1.ڕێککەوتنی گشتگیر: (بەدووری ئەزانرێت) پێویستی بە پێدانی ئیمتیازاتی بەرچاو بەیەکتری و دروستکردنی متمانە لەلای یەکتر هەیە.
2.تێگەیشتنێکی سنووردار: (بە ئەگەرێکی زۆر): درێژکردنەوەی ئاگربەست و ڕێوشوێنەکانی دروستکردنی متمانە لەخۆدەگرێت.
3.شکستی دانوستان: دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکان و قەیرانی ئابووری جیهانی.
ئەنجام
ئەم شیکارییە ئەوە دەردەخات کە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا ناتوانرێت وەک پرۆسەیەکی دیپلۆماسی تەقلیدی لێی تێبگەین، بەڵکو دەتوانین وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی فراوانتری بەڕێوەبردنی ململانێکان تێبگەین. بەکارهێنانی فشاری سەربازی چانسی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە کەمدەکاتەوە و دانوستانەکان دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی تاکتیکی نەک ستراتیژی.
بە سەرنجدان لەم بارودۆخانە، پێدەچێت باشترین سیناریۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێکی سنووردار بێت کە ڕێگری دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاشکرا، بەبێ ئەوەی باس لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی ململانێکان بکرێت. بۆیە لەم حاڵەتەدا دیپلۆماسی ئامرازێک نییە بۆ چارەسەرکردن، بەڵکو میکانیزمێکە بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکە.
سەرچاوەکان
1.George, A. L. (1991): الإقناع القسری: الدبلوماسیە القسریە كبدیل للحرب. مگبعە معهد السلام اڵامریكی. 
2.Byman, D., & Waxman, M. (2002): دینامیكیات الإكراه: السیاسە الخارجیە اڵامریكیە وحدود القوە العسكریە. مگبعە جامعە كامبریدج. 
3.Parsi, T. (2017): خسارە عدو: أوباما، إیران، وانتصار الدبلوماسیە. مگبعە جامعە ییل.  
4.Waltz, K. N. (1979): نڤریە السیاسە الدولیە. ماكغرو-هیل. 
5.Mearsheimer, J. J. (2001): مأساە سیاسات القوی العڤمی. دار دبلیو. دبلیو. نورتون وشركاه. 
6.Nye, J. S. (2004): القوە الناعمە: وسائل النجاح فی السیاسە العالمیە. دار بابلیك أفیرز. 
7.Cordesman, A. H. (2020): إیران وتغیر میزان القوی فی الشرق اڵاوسگ. تقاریر مركز الدراسات الاستراتیجیە والدولیە (CSIS).