شارپرێس:
تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی بڵاویکردوهتەوە، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئێران لەکاتی جەنگی 40 ڕۆژەدا، بەلایەنی کەمەوە 16 بنکەی سەربازیی ئەمریکا لەهەشت وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیانیان بەرکەوتوە.
کەناڵە ئەمریکییەکە دەڵێت، وا دادەنرێت کەمپی بێرلینگ لەکوهیت زۆرترین زیانی بەرکەوتبێت، بەجۆرێک کە ئێستا بەئەستەم کاردەکات.
هەروەها هەندێک لەبنکەکانی دیکە بەتوندی زیانیان بەرکەوتوەو کەرەستەی زۆر گرانبەهایان تێدا لەناوچوە، لەوانە ڕادارەکانی بەرگریی ئاسمانییو سیستەمەکانی پەیوەندیی مانگە دەستکردەکان.
دەشڵێت، "ئەو ئامانجانەی کە ئێران کردونیە ئامانج بریتین لەفڕۆکەی سیخوڕیی E-3 Sentry کە لەبنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان لەسعودیە تێکشکێنراوە، لەگەڵ کەرەستەی پەیوەندییو دامەزراوەکانی کەمپی عەریفجان لەکوهیتو سیستەمە ڕادارییەکانی بنکەی ئاسمانیی موەفەق سەڵتی لەئوردن".
سەرچاوەیەک لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەکردوە، پێشتر شتی وای لەبنکە ئەمریکییەکاندا نەبینیوەو هێرشەکان خێراو وردبونو تەکنەلۆژیای پێشکەوتویان تێدا بەکارهاتوە.
ئەوە لەکاتێکدایه، دوێنی هەینی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە %85 توانای بەرهەمهێنانی موشەکی ئێران لەناوچون، جگەلەوەی هێزی دەریایی ئێران کە سەردەمانێک بەهێزترینی ناوچەکە بوو، بەتەواوی لەناوچوەو ئێستا 159 کەشتییان لەبنی دەریادا کەوتوە.
