شارپرێس:
لەگەڵ کۆتاییهاتنی مۆڵەتی 60 ڕۆژەی یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگ لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، واشنتۆن ڕووبەڕووی مشتومڕێکی قووڵ بووەتەوە سەبارەت بەوەی کە ئایا کردەوە جەنگییەکان بەکرداری رادەگیڕین یان نا.
لەوبارەەوە پیتەر ڕۆف، نووسەر لە گۆڤاری نیوزویک، پێیوایە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە نەرمیی مامەڵە لەگەڵ ئەم وادەیەدا دەکات، بەتایبەت دوای لێدوانەکەی پێیت هیگسێس، وەزیری بەرگری، کە دەڵێت ئاگربەست بۆتە هۆی وەستانی کاتیی ژمارەی ڕۆژەکان و کاتێکی زیاتری بە حکومەت بەخشیوە.
ڕۆف ئاماژە بەوە دەکات کە کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانی" مانای وەستانی هەمیشەیی جەنگ نییە، بەڵکو دەکرێت ئۆپەراسیۆنێکی نوێ دەستپێبکات کە ژماردنی مۆڵەتەکە لە سفرەوە دەستپێبکاتەوە، جگە لەو 30 ڕۆژە زیادەیەی سەرۆک بۆ کشانەوە یان گۆڕینی پێگەی هێزەکان لەبەردەستیدایە.
چاوەڕوان دەکرێت کۆمارییەکان هەوڵ بدەن لەگەڵ هەندێک لە دیموکراتەکان بگەبنە ڕێککەوتن بۆ داڕشتنی مۆڵەتێکی نوێی بەکارهێنانی هێز کە چاودێریی کۆنگرێسی لەسەر بێت، ئەگەر ئەمەش شکستی هێنا، ڕەنگە کێشەکە بگاتە دادگای باڵا کە زۆرینەیان مەیلیان بەرەو فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، مەحجووب زوێری، ئەکادیمی و پسپۆڕی سیاسەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێیوایە ئەم مۆڵەتە بۆ ترەمپ گرنگییەکی ئەوتۆی نییە، چونکە ئەو بەردەوامە لە دووبارە لێکدانەوەی یاساکان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی. زوێری دەڵێت ناونانی ئەم چالاکییانە بە "ئۆپەراسیۆن" نەک "جەنگ"، ڕێگەیەکی یاساییە بۆ دەربازبوون لە سنووردارکردنەکانی کۆنگرێس.
بەڵام ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوەی بڕیاری کۆتایی ترەمپ دیاریی دەکات یاسا نییە، بەڵکو ئابوورییە؛ بەتایبەت بەرزبوونەوەی نرخی وزە و بژێوی ژیان کە کاریگەرییان لەسەر دەنگدەران هەبووە و بوونەتە هۆی دابەزینی جەماوەریی سەرۆک لەم دواییانەدا.
کۆی ئەم دیدگانە ئەوە دەسەلمێنن کە کۆتاییهاتنی وادە یاساییەکە تەنها وێستگەیەکە بۆ گۆڕینی شێوازی یاسایی و سیاسیی کارەکان، نەک مەرج بێت ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی تەواوەتیی گرژییە سەربازییەکان، و هەموو ئەگەرەکان لە نێوان پەرەسەندن یان کشانەوەدا بە کراوەیی ماونەتەوە.