ترەمپ لەنوێترین هەڵوێستدا.. دەبێت ئێران بێتە ناو ڕێككەوتننامەی ئەبراهام

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 277 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی ئەمریکا لەنوێترین هەڵوێستیدا بەرامبەر ئێران ڕایدەگەیەنێت، مەرجێکی نوێی بۆ تاران و وڵاتانی ناوچەکە داناوە، ئەویش چونیانە بۆ ناو رێککەوتننامەی ئەبراهام و جەخت دەكاتەوە دەبێت ئێران ڕازی بێت.


دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆكی ئەمریكا، لەپۆستێکی نوێدا لەتروس سۆشیال ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ناوچەکە ئەنجامداوە، لەوانە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات، ئەمیر تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، شا عەبدوڵـڵا، شای ئوردن و حەمەد بن عیسا، شای بەحرەین و لەگەڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان. 
 
تره‌مپ وتی، "دوای هەموو ئەو کارانەی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە ئاڵۆزە (ئێران) کردویەتی، پێویستە هەمو ئەم وڵاتانە، وەک مەرجێکی ناچاری، بەشێوەیەکی هاوکات واژۆ لەسەر رێککەوتننامەی ئەبراهام بکەن." 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە دەبێت بەواژۆکردنی دەستبەجێی سعودیە و قەتەر دەستپێبکات و وڵاتانی دیکەش هەمان هەنگاو بنێن.
 
ترەمپ نوسیویەتی، "ئەگەر ئێران رێککەوتنەکە لەگەڵ من وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا واژۆ بکات، جێگەی شانازییە کە ئەوانیش ببنە بەشێک لەم هاوپەیمانییە جیهانییە بێوێنەیە. بەمەش رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە ناوچەیەکی یەکگرتوو و لەڕوی ئابورییەوە هێندە بەهێز دەبێت کە هیچ شوێنێکی جیهان وەک ئەو نەبێت."
 
لەکۆتایی پەیامەکەیدا، تره‌مپ ڕاشیگەیاند، فەرمانی بەنوێنەرەکانی داوە دەستبەجێ پرۆسەی هێنانی ئەم وڵاتانە (سعودیە، قەتەر، پاکستان، تورکیا، میسر و ئوردن) بۆ ناو رێککەوتننامەی ئیبراهیم دەستپێبکەن و بە سەرکەوتویی تەواوی بکەن. 
 
رێککەوتنی ئەبراهام کۆمەڵێک رێککەوتنی دیپلۆماسییە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی. لە 15ی ئەیلولی 2020، بە نێوەندگیریی دۆناڵد تره‌مپ لەکۆشکی سپی، ئیمارات و بەحرێن یەکەم وڵات بون واژۆیان کرد، دواتریش مەغریب و سودان چونە ناو رێککەوتنەکە.