شارپرێس:
ئەحمەد هیلالی، وتەبێژی تیمی سەرۆکایەتیی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی تێکەڵکردن، ڕایگەیاند کە حکومەتی سووریا بەردەوامە لە کارکردن لەسەر دۆسیەی دەستبەسەرکراوانی هەسەدە و چاوەڕوان دەکرێت پێش جەژنی قوربان کۆتایی پێ بهێنرێت، چونکە ئێستا حکومەت خەریکی سەرژمێری کۆتایی دەستبەسەرکراوەکانە.
سەبارەت بە کۆشکی دادی حەسەکە، هیلالی ڕوونی کردەوە کە کێشەکە تەواو یاساییە و بەپێی ڕاگەیاندنی دەستووریی کاتی، زمانی عەرەبی تەنیا زمانی فەرمی دەوڵەتە، چونکە کۆشکی داد هێمایەکی سەروەریی دەسەڵاتی دادوەرییە و دۆسیەکە تەنیا لە ڕێگەی چوارچێوە یاساییەکانەوە یەکلایی دەکرێتەوە.
هیلالی ئاماژەی بەوەش کرد کە مەرسومی ژمارە 13ی سەرۆک ئەحمەد شەرع هەنگاوێکی گرنگە، چونکە زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانیی ناساندووە و ڕێگەی بە فێربوون و فێرکردنی داوە، ئەمەش دەرفەتی فراوانتر بۆ بەکارهێنانی لە داهاتوودا دەڕەخسێنێت و ئێستاش چەندین دامەزراوە لە حەسەکە تابلۆکانیان بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی داناوە.
سەبارەت بە پرسی پشتێنی عەرەبی و سەرژمێری ساڵی 1962، ڕایگەیاند کە هیچ پێشهاتێکی نوێ نییە و شوێنەوارەکانی سەرژمێرییەکە لە ڕێگەی گێڕانەوەی ڕەگەزنامە بۆ بێگانە و بێناسنامەکان بەپێی مەرسومی 13 چارەسەر دەکرێن، پرسی پشتێنەکەش لە ڕێڕەوە یاساییەکانەوە دەبێت.
لە کۆتاییدا دەربارەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێ کانی، هیلالی جەختی کردەوە کە ئەمە پێویستی بە ژینگەیەکی ئارام هەیە و ئێستا لە ڕێگەی تێکەڵکردنی هێزەکانی ئاسایش لەگەڵ ئاسایشی ناوخۆی حەسەکەدا کار بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییە ئەمنییەکان دەکرێت.