شارپرێس:
بڵاوبونەوەی بەڵگەنامەیەکی سڕكراوى واژۆکراوی ساڵی 1996 شۆکێکی سیاسیی لەناوەندە دیپلۆماسییەکاندا دروستدەکات، دوای ئەوەی دەرکەوت عەبدوڵڵا ئۆجهلان لەلوتکەی شەڕی چەکداریدا مۆدێلی جیابونەوەی ڕەتکردوەتەوە، ئەم پڕۆتۆکۆڵە مێژوییە کە لەئەرشیفی پڕۆفیسۆرێکی کۆچکردوی ئەڵمانییەوە دزەی پێکراوە، سەلمێنەری ئەوەیە کە پەکەکە پێش 30 ساڵ ئامادەیی خۆی بۆ ئاشتییەکی گشتگیر دەربڕیوە، بەڵام بەمەبەست لەلایەن تورکیاوە پشتگوێخراوە.
بڵاوبونەوەی ئهو بەڵگەنامە مێژوییهى ڕێبەری پەکەکەو وهفدێكى باڵای نێودەوڵەتیی ئەڵمانیا کە مێژوەکەی بۆ 30 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، سەرنجی ناوەندە سیاسییەکانی ڕاکێشا، ئەم پڕۆتۆکۆڵە کە بنەماکانی چارەسەری پرسی کورد دەخاتەڕوو، دوای کۆچی دوایی پڕۆفیسۆرێکی ئەڵمانی لەئەرشیفە تایبەتەکانەوە ئاشکراکرا.
ئاشکرابونی بەڵگەنامەکە لەئەرشیفێکی تایبەتەوە
ئەم بەڵگەنامە فەرمییە لە 26ی ئایاری 1996 لەدیمەشقی پایتەختی سوریا لەنێوان عەبدوڵڵا ئۆجهلانو وهفدێكى ئەڵمانی واژۆکراوە، پڕۆتۆکۆڵەکە دوای کۆچی دوایی پڕۆفیسۆر (ئۆلرچ گۆتستەین ـ دکتۆری ئاشتیو ئەندامی وهفدهكه) لەنێو ئەرشیفە سڕەکانیدا دۆزرایەوەو بڵاوکرایەوە.
خاڵە ستراتیژییەکانی پڕۆتۆکۆڵەکە: ڕەتکردنەوەی جوداخوازیی
ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە چەندین ڕاستیی گرنگو نەبیستراو دەربارەی تێڕوانینی سیاسیی ئەوکاتەی پەکەکە دەخاتەڕوو، لەوانە، ڕەتکردنەوەی دەوڵەتی سەربەخۆ، ئۆجهلان بەڕونی بەوهفدهكهى ڕاگەیاندوە، پەکەکە بەدوای دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆوە نییە، چونکە لەڕوی ئابورییەوە ناتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت.
ههروهها وتویهتى، "ئامانجی سەرەکیی کورد بەدەستهێنانی خۆبەڕێوەبەریی کولتورییو فیدراڵییە لەچوارچێوەی سنورە جێگیرەکانی دەوڵەتانی ناوچەکەدا، دروستکردنی مۆدێلێکی دیموکراتی بۆ بەستنەوەی پارچەکانی کوردستان بەوڵاتانی ناوچەکەو پەکەکە بەپێچەوانەی تورکیا، پرۆتۆکۆڵی ژنێڤی واژۆکردوە کە هێرشکردنەسەر مەدەنییەکان بەتوندی قەدەغە دەکات، لهگهڵ داواکردنی نێوەندگیریی نێودەوڵەتی هاوشێوەی پڕۆسەی ئاشتیی فەڵەستینو ئیسرائیل بۆ کێشەی کورد".
وهفدى ئەڵمانیا لەم پڕۆتۆکۆڵەدا کێ بون؟
وهفدهكه لەچوار کەسایەتیی ناوداری زانستیو یاسایی ئەڵمانیا پێکهاتبون ئهوانیش پڕۆفیسۆر ئۆلرچ گۆتستەین سەرۆکی فەخریی ڕێکخراوی پزیشکانی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لەشەڕی ئەتۆمی (IPPNW)، پڕۆفیسۆر نۆرمان پایچ پسپۆڕو مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی لەزانکۆی هامبۆرگ، پڕۆفیسۆر ئۆلرچ ئەلبرەچت زاناو پرۆفیسۆری بواری زانستە سیاسییەکانو هانس برانشایدت بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی مرۆیی مەدکۆ ئینتەرناشناڵ.
پڕۆفیسۆر نۆرمان پایچ لهوبارهیهوه جەختدەکاتەوە، ناوەڕۆکی ئەو پڕۆتۆکۆڵە مێژوییە سەرەڕای تێپەڕبونی 30 ساڵ بەسەریدا، هێشتا زیندوەو دەکرێت وەک بنەمایەکی یاساییو سیاسیی بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد متمانەی پێبکرێت.
