چەند كەشتییەكی نەوتهەڵگر گەروی هورمزیان تێپەڕاند

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 248 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگرو گازی سروشتی، دوای ئەوەی ئامێرەکانی ناسینەوەیان لەسەر کەشتییەکانیان کوژاندەوە، گەروی هورمزیان جێهێشت و بەرەو چین و هیندستان بەڕێ کەوتن.


گروپی بۆرسەکانی لەندەن و کۆمپانیای کێپلەر بۆ چاودێری کەشتیوانی ئاشكرایكرد، سەرەتای ئەم هەفتەیە دوو کەشتیی نەوتهەڵگری زەبەلاحی نەوت و کەشتییەکی گواستنەوەی گازی سروشتی (LNG) گەرووی هورمزیان بڕیوە. ئەم کەشتییانە پەیوەندییان بە زنجیرەیەک کەشتیی دیکەوە کرووە کە لەم مانگەدا ناوچەی کەنداویان جێهێشتووە، هەرچەندە هێشتا جوڵەی گواستنەوەی نەوت و گاز بەشێوەیەکی گشتی سنوردارە.

کەشتی یەکەم کەشتیی "ئیگڵ ڤێراکروز" (Eagle Veracruz)ـە کە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی سعودیەی بارکردوە. ئەم کەشتییە کە کۆتایی مانگی شوبات بارەکەی وەرگرتوە، بەرەو بەندەری "چوانتشۆ" لەباشوری ڕۆژهەڵاتی چین بەڕێ کەوتوەو پێشبینی دەکرێت لە 16ی حوزەیران بگاتە پاڵاوگەی کۆمپانیای "سینۆکیم".

نەوتهەڵگری دوەم بەناوی "نیسۆس کیرۆس" (Nisos Keos)، نزیکەی 1.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێکەڵەی "داس"ی ئیماراتی هەڵگرتووە و بەرەو بەندەری "ڤیساکاپاتنام" لەهیندستان دەڕوات، بڕیاریشە لەسێی حوزەیران بگاتە شوێنی مەبەست.

داتاکانی کێپلەر ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو دوو کەشتییە رۆژی سێشەممە لەگەروی هورمز چوونەتە دەرەوە، لە کاتێکدا کەشتیی "هوا لین وان" کە ئاڵای چینی هەڵگرتوە، رۆژی چوارشەممە گەروەکەی جێهێشتوە. ئەم کەشتییە باری "ناپتا"ی کوەیتی هەڵگرتوەو پێشبینی دەکرێت لە 12ی حوزەیران بگاتە بەندەری "هویچۆ" لەچین.

سەبارەت بە کەرتی گاز، کەشتیی "ئوم ئەلئەشتاین" کە تایبەتە بە گواستنەوەی گازی سروشتی، دوای ئەوەی لە 1ی ئایاردا بە بەتاڵی لەکەناراوەکانی ئیمارات بینرابوو، لە 27ی ئایاردا بەبارکراوی لەکەناراوەکانی عومان دەرکەوتووەتەوەو ئێستا بەرەو هیندستان بەڕێ کەوتوە.