شارپرێس:
لەپێشهاتێکدا کە سەرنجی میدیاو ناوەندە سیاسییەکانی
تورکیاو باکوری کوردستانی ڕاکێشا، پەروین بوڵدان ئەندامی پێشوی وهفدى ئیمراڵیو سەرکردەی
دیاری پارتی یەکسانیو دیموکراسیی گەلان (دهم پارتى)، نوێترین وێنەی خۆی لەگەڵ سەڵاحەدین
دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان (ههدهپه) بڵاوکردەوە، کە لەزیندانی
ئەدیرنە بەندکراوە.
بڵاوبونەوەی ئەم وێنانە دوای سەردانێکی فەرمیی
پەروین بوڵدان دێت بۆ زیندانی ئەدیرنە، کە تێیدا لەنزیکەوە چاوی بەدەمیرتاشو د.سەلجوق
مزراقڵی سەرۆکی پێشوی شارەوانی ئامهد کەوتوە.
بوڵدان لەڕێگەی ئەکاونتە فەرمییەکانی خۆیەوە لەتۆڕە
کۆمەڵایەتییەکان وێنەکانی بڵاوکردەوەو نوسیویەتی، "سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاشو
سەلجوق مزراقڵیم کرد لەزیندانی ئەدیرنە؛ هەردوکیان سڵاوو خۆشەویستی گەرمی خۆیان بۆ
هەموان نارد".
لەوێنەکاندا دەمیرتاش بەورەیەکی بەرزو بەقژێکی
سپییەوە دەرکەوتوە، ئەمەش یەکەمجارە دوای ماوەیەکی درێژ وێنەیەکی ڕونو نوێی ئەو سەرکردە
کوردە لەناو زیندانەوە بڵاوببێتەوە.
ئەم سەردانە لەکاتێکدایە کە گفتوگۆکان لەسەر دۆسیەی
زیندانیانی سیاسییو ئاسۆکانی چارەسەری ئاشتیی لەتورکیادا بەردەوامییان هەیە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش لەتشرینی دوەمی 2016وه لەلایەن
دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بەندکراوەو چەندین سزای سیاسیی بەسەردا سەپێنراوە، سەرهڕای
ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا چەندینجار داوای ئازادکردنی دەستبەجێی کردوە.
پەروین بوڵدان بۆ چەندین ساڵ هاوسەرۆکی ههدهپه
بوەو یەکێکبوە لەئەندامانی سەرەکی وهفدى ئیمراڵی کە ڕۆڵی نێوەندگیرییان دەگێڕا لەپرۆسەی
ئاشتی نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2015.
